سەردێڕ:

حکومەت چۆنێتی دەستپێکردنی پڕۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی تاوتوێکرد

١٠ دیاریکراوە بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکان
فۆتۆ: 
2019-05-14

1932 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ڕێکخست لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و ماوەی ١٠ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و پێشنیازەکان.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزیری شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی سەرپارشتیاریی جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕاپۆرت و ڕاسپاردە و پێشنیازی خۆی پێشکەش بکات سەبارەت بە چۆنێتی دەستپێکردنی پرۆژەکە و پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە ئامانج لەو کۆبوونەوە وهەنگاوانە بۆ ئەوەیە تا بە زووترین کات بڕیار لە چۆنێتی دەستپێکردنی پڕۆژەکە بدرێت.

لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوودا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم کۆبووەوە، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەیەکی تایبەت سازبکرێت لەسەر پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ع.م