سەردێڕ:

دادگای ئیداری بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری پێشووی نەینەوای پەسەندکرد

نەوفەل عاکبوب پارێزگاری پێشووی نەینەوا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-14

916 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای تێپەڕبوونی تەنها یەک ڕۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی، مەنسور مەرعیدی پارێزگاری نوێی نەینەوا، ئەمڕۆ دادگای ئیداری دوورخستنەوەی نەوفەل عاکوب پارێزگاری پێشووی نەینەوای لە پۆستەکەی پەسەندکرد.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە ئەمڕۆ سێشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠١٩) دەست دیجیتاڵ میدیای ئین ئاڕ تی کەوتووە، دادگای ئیداریی عێراق ڕۆژی ١٢ی ئایار بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی (پەرلەمانی) پەسەندکردووە، بە دوورخستنەوەی نەوفەل عاکوب پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە پۆستەکەی، دوای ئەوەی تانەکەی پارێزگاری پێشووی نەینەوای ڕەتکردەوە، کە لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی دابوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنی دووشەممە (١٣ی ئایاری ٢٠١٩) ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی، مەنسور مەرعید ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا دەستنیشانکرد، هەروەها سیروان محەمەد لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش بووە جێگری پارێزگار.

لەکاتی دیاریکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای نەینەوا، ململانێیەکی توند هاتە ئاراوە لە نێوان قەوارە سونییەکان، کە هاوپەیمانیی ئیسڵاح سەرۆکایەتیی دەکرد و، لەلایەن موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدرەوە پشتیوانیی دەکرا، هەروەها هاوپەیمانیی بینا کە هادی عاماری سەرۆکایەتی دەکرد.

ڕۆژی ٢١ی ئازار بەهۆی نقومبوونی قەیاغێکەوە لە دورگەی گەشتیاریی شاری موسڵ لە ناوچەی غاباتی شارەکە، زیاتر لە ١٠٠ کەس خنکان و نزیکەی ١٠٠ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن بوون، بەهۆی  ڕوداوەکەشەوە پەرلەکانی عێراق بڕیاریدا نەوفەل عاکوب پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەی دووربخاتەوە. 

ع.م