سەردێڕ:

سبەی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی توركیا ده‌كات

لەسەر بانگهێشتى ئەردۆغان
فۆتۆ: 
2019-05-14

1256 جار خوێندراوەتەوە

له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆک كۆماری توركیا، سبەی چوارشەممە عادل عه‌بدولمه‌هدی بە مەبەستی تاوتوێکردنی چه‌ند ته‌وه‌رێک سەردانی توركیا دەکات.

فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا ڕایگه‌یاند، سبه‌ی چوارشەممە عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌ر بانگهێشتی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سەردانی توركیا دەکات.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی چه‌ندین ته‌وه‌ری وه‌ك چۆنێتی پێشخستنی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی هه‌ردوو وڵات، به‌تایبه‌ت له‌ بواری بازرگانی و وزه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و سه‌رله‌نوێ بونیاتنانه‌وه‌ی عێراق، ده‌كه‌ن.

هەروەها لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا، کە ئەمڕۆ لە بەغدا بەڕێوەچوو، عادل عەبدولمەهدی باسی لەوە کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا باسی ڕاکێشانی هێڵی ئاسنین لە نێوان هەردوولا و کردنەوەی دەروازەی بازرگانیی نوێ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکات.

چاوەڕواندەکرێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكه‌ن له‌باره‌ی ته‌وه‌ره‌ هه‌رێمی و ناوچه‌ییه‌كان، كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ توركیا و عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.