سەردێڕ:

​سعودیە.. بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە هەناردەکردنى نەوت لە دوو وێستگە ڕاگیرا

بەهۆیەوە نرخی نەوت بەرزبووەوە
فۆتۆ: 
2019-05-14

4216 جار خوێندراوەتەوە

دوو وێستگەى هەناردەکردنى نەوت لە سعودیە لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشى کرایە سەر و بەوەش نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبونەوەى بەخۆوە بینى.

وتەبێژى سەرۆکایەتى ئاسایشى سعودیە ڕایگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە دوو وێستگەى هەناردەکردنى نەوتى سەر بەکۆمپانیاى ئارامکۆ لە پارێزگاکانى دەوادمى و عەفیف لە ناوچەى ڕیاز بە فڕۆکەى بێ فرۆکەوان  کراونەتە ئامانج.

ڕاشیگەیاند، ئاگر لە هەردوو وێستگەکە کەوتوە و دواى چەند کاتژمێرێک کۆنتڕۆڵکراوە و هەناردەکردنى نەوت لەو دوو وێستگەیە ڕاوەستاوە تا کۆمپانیاکە کارى چاککردنەوە دەکات و بەوەش نرخى نەوت لە ٧٢ دۆلارەوە بۆ ٧٥ دۆلار بەرزبوەوە.

هاوکات  کەناڵێکى سەر بەحوسییەکان رایگەیاند ، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لەدژی چەند ئامانجێکی سعودی لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە.

 هەر لەو بارەیەوە، خالید عەبدولعەزیز فالح وەزیرى وزە و پیشەسازى و سامانە کانزاییەکانى سعودیە ڕایگەیاند، ئەو دوو وێستگەیەى کە کراونەتە ئامانج بە فڕۆکەى "درۆن" کە بێ فرۆکەوانە نەوت لە بۆریەکانى ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاواى سعودیە دەگوازنەوە.

ڕاشیگەیاند، "سعودیە ئەو کارە بە شێتانە و کارێکى تێکدەرانە و تیرۆریستى ناو دەبات، چونکە تەنها سعودیە ناکاتە ئامانج، بەڵکو ئامانجى تێکدانى ئاسایشى نەوت و وزە و ئابورى جیهانە."

فالح وتیشى، جارێکیتر گرنگى ڕووبەڕووبونەوەى تەواوى لایەنەکانى تیرۆر سەلمێنرا کە نمونەى ئەو جۆرە کارانە دەکەن لەوانە، چەکدارەکانى حوسى لە یەمەن کە ئێران پشتیوانیان دەکات.

لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئەوە دووەم هێرشى چەکداریە بۆ سەر کەرتى نەوتى سعودیە دواى ئەوەى دوو کەشتى نەوتهەڵگرى سعودیە لە ئاوەکانى کەنداو هێرشى کرایە سەر.

ب.ب