سەردێڕ:

کەرکوک.. ژمارەیەک عەرەبى هاوردە گواستراونەتەوە بۆ گوندێکى کوردنشین

فۆتۆ: 
2019-05-14

2563 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناحیەى سەرگەڕان سەر بە قەزاى دوبز ڕایگەیاند، ژمارەیەک خێزانى عەرەبی هاوردە هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خانووە بەتاڵەکانی گوندەکە داگیردەکەن.

بەدرەدین یوسف ئەندامی ئەنجوومەنی ناحیەى سەرگەڕان بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ئایارى ٢٠١٩ ژمارەیەک خەڵکى عەرەب، کە زیاتر لە ١٥ خێزان دەبوون، بە پاڵپشتیی هێزێکی سوپای عێراق هاتنە گوندی پەڵکانە بە مەبەستی داگیرکردن و دووبارە تەعریبکردنەوەی گوندەکە.

وتیشى، خێزانە عەرەبەکان هاتنە ناو ئەو خانووە بەتاڵانەی کە لەناو گوندەکەدا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووى دانیشتووانى گوندەکە بوونەتەوە و پەلامارى یەکتریان داوە.

ئەو ئەندامەى ئەنجومەن ڕاشیگەیاند، دواى ئاڵۆزییەکە فەوجێکى پۆلیسى فیدڕاڵى گەیشتوونەتە ناو گوندەکە و کۆنترۆڵى دۆخەکەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ١٠ کەسیان لە دانیشتووانى گوندەکە، کە کوردن دەستگیرکردووە.

ب.ب