سەردێڕ:

ئومێد خۆشناو: نێچیرڤان بارزانى کاندیدى پارتى و یەکێتى و گۆڕانە بۆ سەرۆکى هەرێم

فۆتۆ: 
2019-05-14

3645 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکانیان نێچیرڤان بارزانى کاندیدى پارتى و یەکێتى و گۆڕانە بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش ٩١ دەنگى پەرلەمانتارانى هەیە.

ئومێد خۆشناو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، تائێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان لەسەر ئەو پرسە نه‌بووه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆیان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌ت.

لەبارەى وادەى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم، وتیشی، "دوای ته‌واو بوونی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان، په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ، پێم وایه‌ له‌نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ى ئەم مانگە سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێت"

بۆ سەرۆکى حکومەتیش، ئومێد خۆشناو ڕوونیکردەوە، "دوای سوێند خواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا وه‌ك فڕاكسیۆنی زۆرینه‌ كاندیدی خۆيان بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، دواتر ناوه‌كه‌ ده‌درێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیش به‌فه‌رمی كاندیدەکەیانى ڕاسپارد به‌پێكهێنانی حكومه‌ت، سه‌رۆكی حكومه‌تی ڕاسپێراو ٣٠ ڕۆژی له‌به‌رده‌مه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی، دواتر له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ متمانه‌یان پێده‌درێت و سوێندی یاسایی ده‌خۆن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پارتى و یەکێتى ڕێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتیان لە (٥ى ئایارى ٢٠١٩) واژۆکرد، بەڵام تائێستا حکومەت پێکنەهێنراوە.

ئ.ر