سەردێڕ:

سوید.. لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی دامەزرێنەری ویکیلکس دەستپێکردەوە

فۆتۆ: 
2019-05-13

3048 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای داواکاری گشتی سوید دووبارە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووەتەوە لەگەڵ جولیان ئاسانج، دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکس، سەبارەت بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی کە ئاراستەی کراوە.

دەزگای داواکاری گشتی سوید ڕایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دۆسیەیە لەگەڵ ئاسانج، لەسەر داوای پارێزەری ئەو کەسەیە کە ڕایگەیاندووە، گوایە ئاسانج دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری.

ئاسانج پێشتر سەرباری ئەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە، بۆ ماوەی ٧ ساڵ توانی خۆی بە دوور بگرێت لەوەی کە ڕادەستی وڵاتەکەی بکرێتەوە، دوای ئەوەی پەنای بردە بەر باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.

دەزگای داواکاری گشتیی سوید دوو ساڵ لەمەوبەر پرۆسەی لێکۆڵینەوەکانی ڕاگرت سەبارەت بە دۆسیەی دەستدریژی سێکسی لە لایەن ئاسانجەوە، چونکە ڕایگەیاندبوو بەهۆی مانەوەی تۆمەتبار لە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر ناتوانرێت لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێت.

مانگی ڕابردوو ئاسانج لە باڵیۆزخانەی ئیکوادر لە بەریتانیا دەرکرا و دادگای لەندەن ماوەی ٥٠ هەفتە زیندانی بەسەردا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی مەرجەکانی ئازادکردنی بە کەفالەت پێشێلکردووە.

لە ئێستاشدا ناوبراو لە زیندانی بیلمارش لە لەندەن ماوەی  زیندانی کردنەکەی بەسەر دەبات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ هەوڵی دا ئاسانج لە بەریتانیا دەربکرێت، چونکە تۆمەتباری دەکرد بە بڵاوکردنەوەی بابەت و ڕاپۆرتی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەندین نهێنی سەربازی و دیپلۆماتی لەڕێگەی ماڵپەڕی ویکیلیسەوە.

ع.م