سەردێڕ:

هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەکی سعودیە و ئیمارات ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی زیاتر کرد

فۆتۆ: 
2019-05-13

4373 جار خوێندراوەتەوە

بە هێرشکردنە سەر چوار کەشتی بازرگانی سعودیە و ئیمارات، یەکەم زەنگی مەترسی لە کەنداوی عەرەبیدا لێدرا، ئێرانیش ڕەتیکردەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا و کردەوەکەشی بە پیلانگێڕی ولاتانی ڕۆژئاوا وەسفکرد.

عەباس موسەوی وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواشیکرد، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ بکرێت لە هێرشەکان و وڵاتانی ناوچەکەش لە ئامادە باشیدابن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ھەر ھەوڵێکی تێکدانی دۆخەکە.

خالد فاڵح وەزیری وزەی سعودیەش ڕایگەیاند، یەکێک لەو کەشتییە نەوتییانەی هێرشکراوەتە سەری، لە ڕێگەدا بووە بۆ بارکردنی نەوتی سعودیە لە بەندەری رەئس بۆ ئەمریکا، وتیشی ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و نەوتەکەش زیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام کەشتییەکان زیانیان بەرکەوتووە.

وەزیری وزەی سعودیە هێرشەکەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی گواستنەوەی دەریایی و گواستنەوەی نەوت لەسەرانسەری جیهاندا وەسفکرد، بە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی زانی، ئاسایشی ناوچە ئاوییەکان و کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بپارێزن.

هەریەکە لە ئیمارات و سعودیەش دەڵێن لە نزیک بەندەری فۆجەیر کە ١٤٠ کیلۆمەتر لە گەرووی هۆرمزەوە دوورە، هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکانیان.

تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام مانگی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە بەرژەوەندییەکانی ئیمارات کرد، بەوپێیە ئیمارات یەکێکە لە وڵاتانی هاوپەیمانی سعودیە لە شەڕی دژ بە حوسییەکاندا.

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش تادێت زیاتر دەبن و یەکێتی ئەوروپاش لە هەڵدایە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان، فێدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش داوادەکات ڕێگری بکرێت لە زیادبوونی گرژییەکان.

وتیشی، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی مانەوە و پابەندبوون بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکات، کە دەبێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

بەپێی جموجوڵە سەربازی و دیبلۆماسیەکانی، ئەمریکا خۆی بۆ هەنگاوێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکات، ڕۆژی شەممەی ڕابردووش، کەشتی ئەبراهام لینکڵن_ی سەربازی ئەمریکی گەیشتە کەنداوی عەرەبی، ئەوەش لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێراندابوو بۆ داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی بازرگانی و سەربازیدا.

گەروى هورمز دەکەوێتە نێوان ئێران و میرنشینى عومانەوە، کەنداو دەبەستێتەوە بە دەریاى عەرەبەوە، پانییەکەى لە تەسکترینى شوێنیدا ٣٣ کیلۆمەترە، بەڵام ئەو شوێنەى کەشتیەکانى پێدا تێدەپەڕێت، کەمترە ٣ کیلۆمەتر.

ع.م