سەردێڕ:

هەرێمی کوردستان.. نرخی بەشێک لە دەرمانەکان بەڕێژەی ٦٠% بەرزبوونەتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-13

1711 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی تر نرخی دەرمان لە ھەرێم بەرزبوویەوە، بەپێی لیستێکى وەزارەتى تەندروستى کە بۆ دەرمانخانەکانى ناردووە دەردەکەوێت، نرخى بەشێکی دەرمانەکان لەنێوان ٢٠% تا ٦٠% بەرزبوونەتەوە.

باریف زاھیر، سەرپەرشتیاری لقی سلێمانی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان باسی لەوەکرد،  نرخەکانی دەرمان لەلایەن حکومەتەوە دانراوە و مەبەست لێی یەکخستنی نرخى دەرمانە بەشێوەى یاسایی.

بەپێی لیستەکەی وەزارەتی تەندروستی، پێنج ھەزار و ٨٠٠ جۆرى دەرمان نرخیان بۆ دیاریکراوە، بەشێک لەو دەرمانانەی رۆژانە ھاوڵاتیان  بەکاری دەھێنن و پێشتر بەشێکیان ١٠%ی قازانجیان لەسەر دانرابوو ئێستا بۆ٢٥% زیاد کراوە، نمونەی بەشێک ئەو دەرمانانەی نرخیان زیاد بووە ئەمانەن:

janumet کە دەرمانی شەکرەیە نرخەکەی لە ٥٠ ھەزارەوە بووەتە ٦٨ ھەزار دینار، plopress کە بۆ کەمکردنەوەی فشاری خوێن بەکاردێت لە ٢٥ ھەزارەوە کراوەتە ٣٣ ھەزار، redex کە بۆ پرۆستاتە لە ٣٦ ھەزارەوە بۆ ٥١ ھەزارو ٧٥٠ دینار زیاد بووە، piax کە بۆ شلکردنەوەی خوێنە لە ٢٠ ھەزارەوە بۆ ٢٤ ھەزار نرخی زیاد بووە.

 سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانى کوردستان باسی لەوەکرد، زیادکردنی نرخەکان بەرێککەوتنی بازرگانانی دەرمان بووە و  بۆ دەوڵەمەندی خۆیانە و بەزیانی ھاوڵاتیانە.

بەرزبوونەوەى نرخى دەرمان نیگەرانى هاوڵاتیانى لێکەوتووەتەوە و دەڵێن لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە و داوادەکەن حکومەت کارئاسانى بۆ ئەو دەرمانخانانە بکات کە دەرمان بە هەرزان دەفرۆشن، نەک نرخى دەرمان لەسەریان زیاد بکات.

لەسەر نرخە نوێیەکان ئێن ئاڕ تی ماوەى دوو رۆژە لە هەوڵى وەرگرتنى وەزارەتى تەندروستیدایە، بەڵام بە پاساوى جیاجیا وەڵامیان نەدایەوە و لەسەر ئەو پرسە قسەیان نەکرد،زۆربەی ئەو دەرمانخانانەشی سزادرابوون ئامادەنەبوون قسە بکەن بەپاساوی ئەوەی لێپێچیینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت.

هـ.ع