سەردێڕ:

خاوەنی ئەو سیمکارتەی هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ کردووە ئەفسەری پێشمەرگەیە

باوکیشی ئامر فەوجە
فۆتۆ: 
2019-05-13

54961 جار خوێندراوەتەوە

دواى سێ رۆژ لە بڵاوبونەوەى دانپێدانانى چەند خۆبەخشێکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەلایەن ئاسایشەوە، ئێن ئاڕ تى بۆ یەکەمجار چەندین زانیاریى ورد و نوێ لەسەر ئەو دانپێدانانە و هەڕەشەکانى سەر پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەخاتەڕوو.

بەپێی بەدواداچون و زانیارییەکان کە دەست ئێن ئار تی کەوتوون، ئەو سیم کارتەى کە نامەى پێ نێردراوە بۆ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەى نوێ و لە نێویشیاندا شادى نەوزاد، سیم کارتێکى علوجە، بەڵام خاوەنى سیم کارتەکە و ئەو مۆبایلەى کە سیم کارتەکەى پێ بەکارهاتووە، کەسێکى ناسراوەو ئاسایشیش دەزانیت کێیە.

بەپێى زانیارییەکان، خاوەنى ئەو سیمکارتە، ئەفسەرێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە بە ناوی (ز.ن) و دەوامیشی لە قەزایەکی سەر بە  پارێزگاى سلێمانییە، باوکی ئەو ئەفسەرەش ئامر فەوجی یەکێک لە هیزە تایبەتەکانی یەکێتییە لە شاری کەرکوک و ناسراوە بە (ن.ڕ).

لەلایەکی تریشەوە ئێن ئاڕ تی هەڵەیەکی زەقی سیناریۆکەی ئاسایشی یەکیتی بۆ هاوڵاتیان دەخاتەڕوو، کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە دانپێدانانەکاندا دەڵێت کە گوایە ئەو، داواى لە برایەکى کردووە ژمارەیەکى علوجی بۆ پەیدابکات و،  لەو ڤیدیۆیەی ئاسایش بڵاویکردوەتەوە گوایه دیمەنی وەرگرتنی سیمکارتە علوجەکەیە لەلایەن ئەو خۆبەخشەی نەوەی نوێوە، ئاسایش کاتی داناوە لەسەر ڤیدیۆکە کە (٢٣ی مانگی ٤)ە.

بەڵام بەپێى ئەو نامەیەی کە پەرلەمانتار شادی نەوزاد لە کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەدا بڵاویکردەوەو ودواتر لە پەیجی فەیسبوکەکەیدا دایناوە، رۆژی ناردنی نامەی هەڕەشەکە ( ٢٢ی ٤)ە نەک ٢٣،  وەک لە ڤیدیۆکەی ئاسایشدا دەردەکەوێت.

بەپێى شیکردنەوەکان رەنگە ئاسایش بەپێی رۆژى کۆنفرانسە رۆژنامەنوسیەکەى شادى نەوزاد کە ٢٤ى مانگ سیناریۆکەى دارشتبێت، بەڵام ئاسایش بیرى ئەوەی نەبووە کە پەرلەمانتارەکە خۆی وێنەی نامەی مۆبایلەکەی بڵاوکردوەتەوە و دوو رۆژ پێش کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکە، ئەو هەرەشەیەی بۆ چووە (واتە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ ی ٤.

شیکردنەوەکان بەوشێوەیەن، ئەگەر ئەم سیناریۆ و دانپێدانانەش راست بێت کە ئاسایش بڵاویکردونەتەوە، چۆن دەبێت لە رۆژی دووشەممە (٢٠١٩/٤/٢٢)  نامەی هەڕەشە بۆ پەرلەمانتارەکە چووە، بەڵام گەنجە خۆبەخشەکەی نەوەی نوێ، رۆژێک دوای ناردنی ئەو نامەیە، سیم کارتە علوجەکەی وەرگرتوە (واتە سێشەممە)؟

هەر بەپێى بەدواداچونەکان گومانێکی تر لە ڤیدیۆی دانپێدانانى یەکێک لە دەستگیراوەکان دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە بە سێ شێوازى جیاواز دەردەکەوێت، لە داهێنانی قژ وشێوازی جل و دانانى مایک.

وەک لە بەدواداچونەکاندا دەردەکەوێت، لەبەشێکی دیکەى دانپێدانانەکاندا یەکێکیان دەڵێت، شاسوار ڕایسپاردین ڤیدیۆیەک یان تۆمارێک پەیدا بکەین لەسەر شادی نەوزاد، بەڵام لە بیریان چۆتەوە کە پێشتر یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەبوو کە گوایە شاسوار عەبدولواحید کامێرای شاراوەى لە هەموو شوێنێکى ناو پرۆژەى گوندى ئەڵمانى داناوە، ئەی چۆن داوای بەلگە لەو گەنجانە دەکات گەر خۆی کامێرای داناوە؟

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لەسەر دۆسیەى دەستگیرکراوان و سیناریۆکانی ئاسایشی یەکیتی، لە ئێستادا لە ناو خودی ئاسایش و جوڵێنەرانی دۆسیەکە، ڕای جیاواز هەیە و کێشە و ناکۆکیی کەوتوەتە نێوانیان، لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسێیە و نازانن چۆن جارەسەری بکەن و بە چ ئاراستەیەکیدا بەرن.

ئەویە جێی پرسیاریشە ئەوەیە سەرباری ئەم هەموو گومانانە، لە ئێستادا دادوەری ئاسایش ئەو گەنجانە بە کەفالەتیش ئازاد ناکات، لە کاتێکدا جگە لەوەی گومانەکان زۆرن و بەلگەی راستیان لەسەر نییە، بەڵام گەر ئەو گومانانە راستیش بن، ئەوا ماددە یاساییەکەی، مادەیەکە تایبەتە بە کەتنی بچوک و دۆسیەکە شمولی ئازادکردن بە کەفالەت دەکات.

ع.م