سەردێڕ:

​شارەزایەکی ئەمنی شوێنى ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-13

50969 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئەمنی شوێنى ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا دەکات و دەڵێت بە پێی لێکدانەوەکانی ڤیدیۆی دەرکەوتنەکەى، بەغدادی لە عێراق و سوریادا نەماوە و پێدەچێت لە ئەفغانستان بێت.

ڕۆژنامە بەریتانییەکان  لەسەر زاری زەید حەمید شارەزای بواری ئەمنی لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەى پاکستان بڵاویانکردووەتەوە،  ئەوە کەرەستانەى لە ڤیدیۆکەى بەغدادیدا دەردەکەون وەک فەرشەکەى ژێری و پشتییەکانی لایەوە و چەکەکەی ئەوە نیشاندەدەن کە ئەگەری هەیە بەغدادی لە ناوچەیەکی پارێزراوی ئەفغانستان بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش لە کاتی بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکەى بەشێک لە چاودێران هەمان قسەیان کردووە و ڕایانگەیاند، لەوانەی ئەبوبەکر بەغدادی عێراق و سوریای جێهێشتبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا تۆمارێکی ڤیدیۆیی  بەغدادی بڵاوبووەوە کە  لەلایەن دامەزراوەی"فورقان" بۆ پڕوپاگەندەی ڕێکخراوی داعش لە چەناڵی ڕێکخراوەکە لە ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاوکرابووەوە.

تۆمارەکە بە ناونیشانی "لە میوانی ئەمیری موسڵماناندا" بەغدادی بە ڕیشێکی درێژی خەنەکراوەوە دەردەکەوێت، بەڵام هیچکام لە میوانەکانی دەموچاویان ئاشکرا نەکراوە.

بەغدای لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا دەڵێت، "براکانتان کە دانیان بە خۆیاندا گرت و قورسایی هەر زۆریان لەسەر بووە لەو جەنگەدا". کە پێدەچێت وەک ئاماژەیەک بێت بۆ شەڕی باغۆز لە سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە "سەرباز و فەرماندەکان و کەتیبە و لیواکان، ئەوانەش کە توانا و هەوڵی خۆیان داوە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری خۆیان".

تۆمارە ڤێدیۆییەکە مێژووی نازانرێت، بەڵام ئاماژە بە شەڕی باغۆزی سوریا دەکات.

ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی "ئیبراهیم عەواد ئێبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە" سەرۆکی ڕێکخراوی داعشە لە سوریا و عێراق.

لە ساڵی ١٩٧١ لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بووە.

هـ،ڕ