سەردێڕ:

سوپای پاسداران هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە کەنداو

فۆتۆ: 
2019-05-12

32636 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو جێگەی مەترسی نییە بۆیان، بەڵکو هەلێکە بۆ ئەوان.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە  (١٢ی ئایاری ٢٠١٩) لە زاری ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە "بوونی هێزەکانی ئەمریکا وەک پارچە گۆشتێک وایە لە نێوان ددانەکانماندا و هێرشیان دەکەینە سەر ئەگەر هەر جوڵەیەک لە دژمان بکەن".

ئەو لیپرسراوە ئێرانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی فڕۆکە هەڵگرێکی ئەمریکا کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ فڕۆکەی جەنگی و شەش هەزار سەربازی لەسەرە، لە ڕابردوودا مایەی هەڕەشە بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەو مەترسییە بووەتە هەل.

حاجی زادە جەختیکردەوە، موشەکەکانی ئێران دەتوانن فڕۆکە هەڵگرەکانی ئەمریکا لە دووری ٣٠٠ بۆ ٧٠٠ کیلۆمەترەوە بکەنە ئامانج.

ئەو لێدوانە نوێیانەی لێپرسراوە سەربازییەکانی ئێران لە کاتێکدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردووەوە، بوونی هێزەکانی خۆی لە ناوچەی کەنداو بەهێزتر کردووە، بە بیانووی بوونی مەترسییەکانی ئێران لەسەر هێزەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ع.م