سەردێڕ:

حەسەن ڕۆحانى: بەهۆى سزا ئابورییەکانى ئەمریکاوە ئێران بە قورسترین ڕۆژگاردا تێپەڕ دەبێت

فۆتۆ: 
2019-05-12

11122 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى ئێران هۆشداریدایە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و داوای یەکگرتنیان لێدەکات و دەشڵێت، ئێران بەهۆى سزا ئابورییەکانى ئەمریکاوە بە قورسترین ڕۆژگاردا تێپەڕ دەبێت.

حەسەن ڕۆحانى سەرۆک کۆمارى ئێران لەوتارێکیدا بۆ ژمارەیەک چالاکى سیاسى ڕایگەیاند، وڵاتەکەى ڕووبەڕووى گەورەترین کێشەى ئابورى دەبێتەوە کە لە ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردودا نەبووە کاتێک لەگەڵ عێراق لەشەڕدا بووە.

ووتیشى، لەبەر ئەوەى لە کاتى شەڕى هەشت ساڵەى عێراقدا تەنها سزاکان لەسەر کڕینى چەک بوو، کێشەى ئابورى و بانکەکان وهاوردەکردن و هەناردەکردن ئاسایى بوو.

ڕوحانى داواى لە لایەنە سیاسیەکانى وڵاتەکەى کرد یەک دەست بن و پێکەوە کاربکەن بۆ تێپەڕاندنى قەیرانەکان و دوپاتیشیکردەوە ملکەچبوون بۆ فشارەکانى واشنتۆن قبوڵکراو نیە.

سەرۆک کۆمارى ئێران ووتیشى فشارەکانى دوژمن لە ڕابردوودا وێنەى نەبووە، بەڵام تاران بێهیوا نابێت و ئومێدی گەورەیان بە داهاتوو هەیە کە ئەو قەیرانەش تێپەڕدەکەن ئەگەر یەکدەست بن.

پێنج شەممەى ڕابردوو سەرۆکى ئەمریکا بڕیاریدا هەناردەکردنى نەوتى ئێرانى بکرێتە سفر و داواشى لە بەرپرسانى ئێران کرد ئامادەى گفتوگۆ بن لەبارەى دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمیەکەیان و ڕووبەڕووبونەوەى سەربازیشى بەدوور نەزانى.

ب.ب