سەردێڕ:

ئایندەی عێراق لەنێوان ململانێکانی ئەمریکا و ئێراندا بەکوێ دەگات؟

فۆتۆ: 
2019-05-11

16544 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕوان دەکرێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی سەرەکى ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا و ئێران،  بەتایبەت کە ئێستا وڵاتەکە بووەتە سەربازگەی نهێنی تاران و لەوێشەوە پاڵپشتی سەنگەرەکانی خۆی لە سوریا و لوبنان و یەمەن دەکات.

ئەمریکا لە ئێستادا لەڕێگەی دیبلۆماسییەوە هەوڵی گەمارۆدانی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدات لەناوچەکە، داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی عێراق هەنگاوی لەپێشینەی ئەمریکایە بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵەکانی ئێران، بەتایبەت کە ئێستا بووەتە زنجیرەی بەیەک گەیشتنی تاران بە دیمەشق و بەیروت.

بەشێک لە چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەمریکا پلانێکی نوێی بەدەستەوەیەوە بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق، لەو چوارچێوەیەدا کونسوڵگەری خۆی لە بەسرە داخست ئەوەش وەک ترسێک بەرامبەر ئەو گروپە شیعییە توندڕەوانەی کە لە ناوچەکە باڵادەستن.

بەپێی نوێترین پێشهات، هەوڵەکان لە عێراق چڕکراونەتەوە بۆ نەهێشتنی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لەپاراستنی ئاسایشی عێراق کە ئەوەش پلانی دووەمی کۆشکی سپییە و ماڵپەڕی بی بی سیش بڵاویکردووەتەوە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، چەند ناوێکی بەرپرسانی حەشدی شەعبی داوەتە عادل عەبدولمەهدی کە عێراق جێبهێڵن، ئەگەر نا دەبنە ئامانجی ئەمریکا.

ئەمریکا درکی بەوە کردووە عێراق ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئێران و مایک پۆمپیۆش ئەوەی بە بەگوێی دەسەڵاتدارانی عێراق داوە کە ئێران لە سەپاندنی سزاکاندا بیر لە ڕێگەچارەی تر نەکاتەوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران لە هەوڵدایە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی عێراق بکات بۆ پاراستنی سەروەری خاکەکەی و لەڕێگەی پەرلەمانیشەوە سزاکانى سەرى ڕەتبکاتەوە، لەپەرلەمانیشەوە لەڕێگەى ئەو کوتلانەى لێیەوە نزیکن هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى یاسایەک بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەربچێت.

لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، ئەگەر گرژی لەنێوان ئەمریکا و ئێران سەرهەڵبدات، کەس لە ناوچەکە پارێزراو نابێت، سەبارەت بە عێراقیش زەریف ڕایگەیاند، عێراقییەکان هەڵوێستی ئەوان دەزانن، هەروەها چاوەڕوانی ئەوانیش دەزانن، هەربۆیە هیوادارن ئەم پرسە لەبەرچاو بگرن کە چارەنووسیان پێکەوە گرێدراوە.

سوپای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ بە فەرمی لە عێراق کشایەوە،  بۆ جاری دووەم و لەساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ دەرکەوتنی داعش گەڕایەوە، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سەربازیشدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم چەند بنکەیەکی سەربازی کردەوە.

لەئێستادا سوپاى ئەمریکا پێنج بنکەى سەرەکى لە عێراقدا هەیە، ئەوانیش بنکەی عەین ئەسەد، بنکەی ئەتروشی رۆژهەڵات لە دهۆک، بنکەی حەریر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، بنکەی ئاڵتون کۆپری لە باشوری رۆژئاوای کەرکوک،  بنکەی کەرکوک رینگ.

ساڵی ٢٠١٦ سێ هەزارو ٨٠٠ ڕاهێنەر و  ڕاوێژکاری سەربازی ئەمریکا لە عێراق هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٨دا پێنج هەزارو ٥٠٠ سەربازی تری ئەمریکا هاتنە عێراق.

ئ.ر