سەردێڕ:

بڵاوکردنەوەی دیمەنى دانپێدانانی دەستگیرکراوانى نەوەى نوێ کاردانەوەى لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-11

3644 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەکان لەبارەى دەستگیرکردن و بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆى دانپێدانانى ئەو دەستگیرکراوەکانی نەوەی نوێ بەردەوامە و بەشێکی شارەزایان وهاوڵاتیانیش  ئەو کارانە بە سیناریۆ ناودەبەن.

یاساناس حاکم شێخ لەتیف دەڵێت "پیشاندانی تۆمەتباران بە ڕەنگ و دەنگ لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا دژی مافەکانی مرۆڤە، چونکە تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەی لە لایەن دادگایەکی دادپەروەرانەوە تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە."

دادوەرێکى دیکەش نوسیویەتى، "دانپێدانانى تۆمەتباران لە ڕاگەیاندنەکان هیچ بایەخێکى یاسایی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێشێلکردنى بنەما یاساییەکان و مافەکانى تۆمەتبارە ودەزگا ڕاگەیاندنەکان لێى بەرپرسیارن ، دەشڵیت بەپێى یاسا کارپێکراوەکان پێویستە شکۆى دەسەڵاتى دادوەرى بپارێزرێت و دەست لەکار و بارى دادگا وەرنەدرێت."

نوسەر بەهرۆز جەعفەر لەبارەى پێشێلکارییەکانى ئاسایش بەرامبەر نەوەى نوێ، ئاماژە بەوەدەکات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌موو ڕۆژێك چه‌ند جارێك له‌ سلێمانى گێچه‌ڵ به‌ نه‌وه‌ى نوێ ده‌كات گوایه‌ چه‌ند په‌یجێكى فه‌یسبووكیان كه‌شف كردووه‌ هى نه‌وه‌ى نوێیه‌، لەکاتێکدایە خۆیان هه‌زاران په‌یجییان هه‌یه‌ و لەڕیگەیانەوە سوكایه‌تى به‌ مرۆڤی كورد دەکەن.

هاولاتییەکیش نوسیوویەتى "ئەوڤیدیۆ قێزەونەی ئاسایش وەک ئەشیعە و نازۆر مەعدەنی زۆر کەسی دەرخست"، و لەبارەى بێ دەنگیى بەشێک لە ڕاگەیاندنى حزبەکان لەو کارەى ئاسایشى یەکێتى دەڵێت، "کەسانێک ١٠ ساڵە باسی ماف وعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی دەکەن بەڵام  بۆ شکاندنی گەنجە بەدبەختەکان و خانەوادەکانیان شایی ولۆغانیانە."

هاوکات تارا حسێن، وتەبێژى تەڤگەرى ئازادى نوسیوویەتى "نیشاندانی کۆمەڵێک گەنج وەکو تیرۆریست بۆخۆی تاوانە"،  و دەشڵێت "شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ڕووبەڕوو بوونەوەی ھێزە سیاسیەکان و بەربەست دانان بەرامبەر بە نەیارەکانیان دورە لە ئاکاری سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقیی."

هەروەها خالید ڕەشیدى هونەرمەندیش دەڵێت، "بەحساب نەوەی نوێ دروستکراوی دەسەڵات بوون، لەکاتێکدا ئەوەی بە نەوەی نوێی دەکەن لەسەردەمی ڕژیمی بەعسیشدا بەئۆپۆزیسیۆن نەکراوە"، پێشى وایە بەزۆر دانپێدانان لەدەزگایەکی ئەمنیی بەبێ حزوری پاریزەرو دادوەر دەچێتە خانەی تێرۆرکردنی  دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ونەمانی متمانە بەهیچ دامودەزگایەک.

لەلایەکى دیکەوە نوسەرێک بەناوى ڕەگەز کەمال دەڵێت، "خۆبەخشەکان لەبەشێک لە دانپێدانانەکەیاندا دەڵێن،  شاسوار عەبدولواحید ڕایسپاردوون ڤیدیۆیەک یان تۆمارێک پەیدا بکەن لەسەر پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ، بەڵام بیریان چووە کە قەول بوو شاسوار کامێرای لەهەموو کوچە و بن دیوارێکی گوندی ئەڵمانی هەبێت بۆچی دەچێت بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە ڤیدیۆی لابێت؟."

هاوکات سەنتەرێکى ناحکومیی عێراقیی بۆ بەرگریى لەئازادیى ڕادەربڕین لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، کە دەستگیرکردنى ئەو کەسانە لەلایەن ئاسایشى یەکێتىیەوە بە تۆمەتى خراپ بەکارهێنانى ئامرازەکانى پەیوەندییە و پێویستە دۆسیەکە لەلای پۆلیس بێت نەک ئاسایش، ئەوەش سەلمێنەرى ئەو ڕاستییەیە کە دۆسییەکە بە سیاسى کراوە وەک سەنتەرەکە ئاماژەی پێداوە.

ئ.ر