سەردێڕ:

ترەمپ: ژمارە تەلەفۆنەکەم بە خەڵکی ئێران بدەن

فۆتۆ: 
2019-05-11

55679 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد، ژمارە تەلەفۆنەکەی بدرێت بە خەڵکی ئێران بۆئەوەی بتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە قسە بکات.

ئاژانسی هەواڵیی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ بەرپرسانی سوید دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کردووە، دەخوازێت لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئێران قسە بکات.

هەروەها ترەمپ داوای لە باڵیۆزخانەی سوید لە ئەمریکا کرد، ژمارەی تەلەفۆنە تایبەتەکەی لەناو خەڵکی ئێراندا بڵاوبکەنەوە بۆئەوەی بتوانێت ڕاستەوخۆی لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە قسە بکات، بەڵام بەرپرسانی باڵیۆزخانەکەی سوید باسیان لەوە کردووە بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی ئێران ناتوانن داواکارییەکەی ترەمپ جێبەجێ بکەن.

داواکارییەکەی ترەمپ لەکاتێکدایە، ئەمریکا فشارەکانی لەسەر حکومەتی ئێران زیاتر کردووە و ژمارەیەک کەشتی و فڕۆکەی جەنگیی بۆ کەناراوەکانی کەنداو ناردووە.

ئەمریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژبە ئێران دەکات ئەگەر دەستهەڵنەگرێت لە پێشخستنی توانا ئەتۆمی و موشەکییەکانی و دەستێوەردانی لە ناوچەکە و، لە چەند ڕۆژی ڕابرووشدا سزای بەسەر کەرتی پیشەسازی و کانزاکانی ئێراندا سەپاند.

هـ.ع