سەردێڕ:

ژاپۆن خێراترین شەمەندەفەری جیهان تاقیدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-11

11232 جار خوێندراوەتەوە

ژاپۆن دەستی کردووە بە تاقیکردنەوەی نوێترین شەمەندەفەری فیشەکی "شینکانسن"، کە واچاوەڕوان دەکرێت خێراییەکەی بگات بە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر.

ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئابووری ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم شەمەندەفەرە نوێیە ناوی " Alfa-X " دەبێت، وا چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا بخرێتە کار و خێراییەکەی ٥٠٠ کیلۆمەتردەبێت لە کاتژمێرێکدا.

کۆمپانیای هێڵە ئاسنینەکان لە ژاپۆن پلانی ئەوە دادەنێت کە یەکەمجار شەمەندەفەرەکە بە خێرایی ٣٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێكدا ئیشپێبکات، کە ئەمە ١٠ کیلۆمەتر زیاترە لە شەمەندەفەری چیرینی فوشینگ هاو، کە لە نێوان پەکین و شەنگهای هاتوچۆ دەکات.

دیزاینی ئەم شەمەندەفەرە ژاپۆنییە تاڕاددەیەك جیاوازە بەجۆرێك بەشی پێشەوەی (لوتی شەمەندەفەرەکە) زۆر درێژ دروست کراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کە چارەسەری کێشەکانی بای بەهێز بکات کاتێك بە تونێلەکاندا تێدەپەڕێت.

درێژی لووتی شەمەندەفەرەکە ٢٢ مەتر دەبێت و شوێنی شۆفێرەکە سێ پەنجەرەی هەیە، لە ١٠ شەمەندەفەر پێکدێت و ڕەنگەکەی زیوی دەبێت.

وا چاوەڕان دەکرێت کە دەستپێکی کارکردنی بەجۆرێك بێت ڕۆژێك لە هەفتەیەکدا کاربکات بۆ ماوەی سێ ساڵ، لە نیوان شارەکانی ئۆمۆری و سیندای.

شەمەندەفەرەکانی " شینکانسن " بە دەگمەن لە کاتی خۆیان دوادەکەون و هەموو چەند خولەک جارێك لە تۆکیۆوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی وەك ئۆساکا و کیۆتۆ دەڕۆن، ئەمەش وایکردووە لە بەکارهێنانی فڕۆکە باشتر بێت.

ژ.ن