سەردێڕ:

بەرپرسێکی ئەمریکی: ژمارەیەک موشەکی دیکەی پاتریۆت ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین

فۆتۆ: 
2019-05-11

9505 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران و زیادبوونی هەژموونی لە ناوچەکە، ئەمریکا بەنیازە ژمارەیەک موشەکی دیکەی پاتریۆت ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، پاتریک شاناهان وەزیری بەرگرى ئەمریکا بە وەکالەت، ڕەزامەندیی نیشانداوە ئەو موشەکانە لە چەند ناوچەیەک جێگیربکات، بەڵام بەرپرسەکە ئاماژەی بە ژمارەی موشەکەکان نەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێکە کەشتیی (یو ئێس ئێس لینکۆڵن) بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕبووە و بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە و بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکایان کرد.

موشەکی پاتریۆت بە مەبەستی بەرپەرچدانەوە و چاودێریکردنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و موشەکی کروز و موشەکی بالیستی کورت مەودا، یاخود تەکتیکی، دروستکراوە.

ئەمریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژ بە ئێران دەکات ئەگەر دەستهەڵنەگرێت لە پێشخستی توانا ئەتۆمی و موشەکییەکانی و دەستێوەردانی لە ناوچەکە و، لە چەند ڕۆژی ڕابرووشدا سزای بەسەر کەرتی پیشەسازی و کانزاکانی ئێراندا سەپاند.

هـ.ع