سەردێڕ:

ئەمریکا: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران

گەیشتنی فڕۆکەی جۆری بی ٥٢ ئەمریکا بە فڕۆکەخانەی عودەید لە قەتەر
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-05-10

27519 جار خوێندراوەتەوە

تیمۆسی لیندەرکینگ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن بە هاوکاری هاوبەشەکان لە ناوچەکە ئامادەن ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە، ئەگەر کار گەیشتە ئەوە.

لیندەرکینگ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان ڕاهێنانیان کردووە و کاریان لەگەڵ دەکەن و چەندین ساڵ هاوکارییان کردوون، بەشێک لەو وڵاتانە بەشدارییان کردووە لە جەنگی ئەفغانستان و عێراق و ناوچەی تر، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئامادەن هەماهەنگی و هاوکارییان بکەن، ئەگەر دۆخەکە بگاتە شەڕکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێنانی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن، بابەتێکی بنەڕەتییە و داواشی لە "دوژمنان" کرد ئاگاداری خۆیان بن.

ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە جەختیکردەوە، ئێران لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە لە یەمەن هەڕەشە دەکات و موشەک ئاراستەی سعودیە و ئیمارات دەکات، هەروەها هەڕەشکردن لە کەشتییەکان لە کەنداودا، هەموو ئەوانە بوونەتە مایەی هەڕەشە و نائارامی لە ناوچەکە، بۆیە دەیانەوێت ئەو مەترسی و هەڕەشانە ڕابگرن.

وتیشی "ئامانج لە ناردنی هێزی هێرشبەری ئەمریکا ناردنی پەیامێکە بۆ تاران و هاوبەشەکانی لە کەنداو، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاشەکشە ناکات، ناشمانەوێت بگەینە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازیی، بەڵکو دەمانەوێت ئێرن زمانی هەڕەشەکانی ڕابگرێت و دەستبەردای مامەڵە ئیستیفزازییەکانی بێت لە ناوچەکەدا".

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردەوە، چوار فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی لە جۆر بی ٥٢ و گەیشتووەتە بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر.

پێشتر فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و گروپی کەشتییە جەنگییەکانی گەیشتنە کەناڵی سویس و ئێستاش بە ڕێگاوە بۆ کەنداو، دوای ئەوەی ئەمریکا بە وتەی خۆی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانەکانی دروستبووە لە لایەن ئێرانەوە.

ع.م