سەردێڕ:

زۆرینەی وڵاتانی جیهان نایانەوێت منداڵی داعشەکان وەربگرنەوە

فۆتۆ: 
2019-05-10

1852 جار خوێندراوەتەوە

منداڵانی داعش، نازناوێکی نەخوازراو بۆ ئەو منداڵە عەرەب و بیانییانەی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا لە دایکبوون، لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتانی بیانی ئامادەنین هیچ کام لە ژنانی چەکدارانی داعش یان منداڵاکانیان بۆ خاکی خۆیان بگەڕێننەوە و پێیان وایە لە داهاتوودا دەبنە بۆمبی کاتی و شانەی نوستوو.

ئەو منداڵانە لە دۆخ و کاتێک ناگونجاودا بوونەتە قوربانی ڕەفتارەکانی داعش و پێشتر لە ژیانی هاوچەرخ بەدووربوون و ئێستاش لەگەڵ کۆتایی هاتنى خەلافەتى ئەو ڕێکخراوە، چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات و کەم کەس و لایەن ئامادەن باوەشیان بۆ بکەنەوە.

بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا نزیکەی ٢ هەزار منداڵ و هەزار ژنی چەکدارانی داعش کە بەسەر ٤٦ نەتەوەدا دابەشبوون لە کەمپەکانی ناو عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریادان.

دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایانگەیاند، زیاتر لە ٨٠٠ نەوەی داعشیان لەناو ژمارەیەک کەمپی دوورەپەرێز، یان لە خانەی بێ سەرپەرشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستبەسەرن، کە بەسەر ١٤ نەتەوەدا دابەشبوون.

هەرچی ڕێکخراوی "منداڵان ڕزگاربکەن"ى جیهانی ئاشکرایکردووە، ژمارەی منداڵانی بیانی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دوو هەزار و ٦٠٠ منداڵ تێپەڕی کردووە و تا ئێستاش ژمارەیەک منداڵی تر لە دواین پێگەی داعش لە شارۆچکەی باغۆزدا ماون.

بە وتەی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان، ڕێژەی گیانلەدەستدان لەنێو ئەو منداڵانەدا بەرزە، چونکە بۆ چەندین مانگ لەژێر گەمارۆدا بوون و دووچاری بەدخۆراکی و نەخۆشی بوون.

هەندێک لە منداڵەکان لەناو گەرمەی شەڕ و بۆردومان و تەقینەوەدا لەدایکبوون و هەندێکی تریشیان پێشتر لەگەڵ دایک و باوکیان هێنراونەتە عێراق و سوریا،  کە داعش نازناوی (بەچکەشێرەکانی خەلافەت) ی لێنابوون هەوڵی دابوو نەوەیەکیان لێ دروست بکات کە جگە لەشەڕ و خۆتەقاندنەوە هیچ شتێكی‌ تر نەزانێت.

زۆرێکیش لەو منداڵانەی کە دایکیان ئێزدیە و ئێستا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لەلایەن هۆزەکانیانەوە بە ئێزدی لەقەڵەم نەدراون و ڕەتکراونەتەوە و بەناچاری خراونەتە خانەکانی بێ سەرپەرشتیارانەوە.

هـ.ع