سەردێڕ:

لەژێر فشاری ئەمریکادا چین دەستبەرداری کڕینی نەوتی ئێران بوو

فۆتۆ: 
2019-05-10

6671 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی توندبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر چین، حکومەتی پەکین بڕیاریدا چیتر نەوتی ئێران نەکڕێت، سەرباری ئەوەی پێشتر ڕایگەیاندبوو ناچێتە ژێر باری فشارەکانی واشنتۆنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وڵاتی چین هیچ داخوازییەکی نوێی پێشکەش نەکردووە بۆ کڕینی نەوتی ئێران، لە کاتێکدا پێشتر یەکێک بووە لە کڕیارەکانی نەوتی خاوی ئێرانی.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی بواری نەوتی چین (سی ان بی سی) و (سینوپک) لەم مانگەدا هیچ داخوازییەکی نوێیان پێشکەش نەکردووە بۆ کڕینی نەوتی ئێران.

پێشتر حکومەتی چین ڕۆژانە  ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ئێران کڕیووە.

هۆکاری ئەو پاشەکشەیەش کۆمپانیاکانی چین و سەرمایەگوزارانی زەبەلاحی بواری نەوتی ئەو وڵاتە ترسیان هەیە گەمارۆکانی ئەمریکا بیانگرێتەوە، لە کاتێکدا بەشێک لە سەرمایە و پارە نەختینەکانیان لە بانکەکانی ئەمریکادایە.

ئەو پاشەکشەی چین بۆ کڕینی نەوتی ئێران لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزی دەریایی و ئاسمانی خۆی ڕەوانەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک خۆی ڕایگەیاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران لەسەر هێزەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە.

ع.م