سەردێڕ:

٢٣١ هاوڵاتى كازاخستان كە لەنێو ڕیزەکانى داعشدابوون گەڕانەوە

فۆتۆ: 
2019-05-10

1534 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى کازاخستان ٢٣١ هاوڵاتى وڵاتەکەى کە لە نێو ڕیزەکانى داعش بوون لە سوریا گەڕاندەوە کە زۆرینەیان منداڵن.

قاسم جومارت تۆکایڤ سەرۆکى کازاخستان ڕایگەیاند، لەسەر داواکارى خۆى لە حەوت و نۆى ئەم مانگەدا ٢٣١ هاوڵاتى وڵاتەکەى لە سوریاوە گەڕاندەوە کە زۆرینەیان منداڵن.

ڕاشیگەیاند، لە نێو ئەو ژمارەیەدا ١٥٦ یان منداڵن و زۆرینەیان تەمەنیان نەگەیشتۆتە ٦ ساڵ و ١٨ منداڵیشیان بێ سەرپەرشتیارن کە دایک و باوکیان لە ڕیزەکانى داعشدا کوژراون.

وتیشى، لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان رێوشوێنەکانیان گرتۆتەبەر بۆ گەڕاندنەوەى تەواوى ئەو هاوڵاتیانەى کە چونەتە ڕیزەکانى داعشەوە لە سوریا و عێراق.

ئاماژەبەوەکراوە، نابێت منداڵەکان بەرپرسیارێتى هەڵەى باوکیان هەڵبگرن و لە دەرەوەى وڵات بێ کەس بن و بناڵێنن، ئێستا ئەوانەى دەگەڕێنەوە سەر لە نوێ دەست دەکەنەوە بە ژیانێکى تر.

لە کۆتاییدا سەرۆکى کازاخستان ئاماژەى بەوەکرد، بانگەشەى هەڵخەڵەتاندن وڕوخێنەر لە پشت ڕۆیشتنى دەیان هاوڵاتى وڵاتەکەى بووە بۆ شەڕکردن لە ڕیزەکانى داعش لە سوریا و عێراق.

ب.ب