سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆنى ڤەنزوێلا ڕەزامەندی دا بۆ دەستوەردانى سەربازى ئەمریکا لە وڵاتەکەی

فۆتۆ: 
2019-05-10

2153 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا ڕەزامەندی نیشاندا بۆئەوەی ئەمریکا دەستوەردانی سەربازی بکات لە وڵاتەکەیدا بۆ یەکلایی کردنەوەى دۆخى وڵاتەکە.

خوان گوایدۆ سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا کە هاوکات ڕێبەری ڕەوتی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دەکات، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لاستامبای ئیتاڵی، پێشنیازی بۆ ئەمریکا کردووە دەستوەردانی سەربازی لە وڵاتەکەیدا بکات.

پێشتریش ڕاوێژکارەکانی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی فەنزوێلا داوایانکردبوو، هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی لایەنگرانی گوایدۆ لە کاراکاس بەڕێوەبچێت، بەرامبەر ئەو کودەتایەی ویستیان بەسەر دەسەڵاتدا بیکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی کاتی فەنزوێلا خۆی ناساند، لەئێستاشدا ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی دانیان بە سەرۆکە کاتیەکەدا ناوە، لە بەرامبەریشدا هەریەک لە ڕوسیا و ئێران و چین و تورکیا پشتگیری لە نیکۆلاس مادۆرۆ دەکەن.

ئ.ر