سەردێڕ:

​عێراق.. تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ ئەندامی بیانیی داعش دادگایی کراون

بە ئامادەیی نوێنەری وڵاتان
فۆتۆ: 
2019-05-10

637 جار خوێندراوەتەوە

عێراق بیانییەکانی نێو داعش دادگایی کردووە و دەرفەتیش بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتان دەکاتەوە ئامادەی دانیشتنەکانبن.

بەپێی راپۆرتێک کە ناونیشانی "دادگا زیاتر لە ٨٠٠ تیرۆریستی بیانیی ملکەچی رێوشوێنەکانی کردووە لەماوەی ساڵ و نیوێکدا" ھەڵگرتووە باس لەوە دەکات کە چەندین ئەندامی داعش دادگایی کراون.

رۆژنامەی "القضا" کە رۆژنامەیەکی مانگانەی فەرمییە و لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراقەوە دەردەچێت.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە "دادگا لەماوەی ساڵ و نیوێکیدا رێوشوێنی لەدژی ٨١٠ تیرۆریستی بیانی گرتووەتە بەر و ھەڵگری رەگەزنامەی جیاوازبوون و دادوەرەکان ئەوەیان راگەیاندووە کە سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی کە تاوانکارییان کردووە لەسەر خاکی عێراق یان پەیوەندییان بە داعشەوە کردبێت بەپێی یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی سزا دەدرێن".

بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە دەستی رۆژنامەکە کەوتووە ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ تا نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دادگایی کراون و رێوشوێنەکانی دادگەیان بەرامبەر گیراوەتە بەر ٨١٠ کەس بوون و حوکم لە دژی ٥١٤یان دەرچووە و لەنێو ئەمانەدا نێر و مێ ھەن، ھەروەھا ٢٠٢ دۆسییەی تر لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەوە سەرباری ئەوەی ٤٤ تۆمەتبار ھێشتا لەکاتی دادگاییکردندان، ١١ کەسیشیان ھیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.

سەرۆکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە پرسەکانی تیرۆر دادوەر ئەحمەد ئەمیری لەمبارەیەوە رایگەیاندووە "سەرجەم ئەو کەسانە بەپێی یاساکانی عێراق سزا دەدرێن".

ئەوەشی وتووە "دادگاییکردنی ئەو کەسانە لە بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتان توانایان ھەبێت ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا ببن".