سەردێڕ:

ئیسپانیا.. پیاوێک لە کاتی قژچاندنەوەدا گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-05-09

28389 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێکی ئیسپانی لە کاتی چاندنەوەی قژی گیانی لە دەستدا، دوای ئەوەی ویستوویەتی شێوازی قژی هاوشێوەی "واین ڕۆنی" یاریزانی تۆپی پێی ئینگلتەرە بێت.

ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ڕافاییل مارینۆی تەمەن ٣٩ ساڵ، لە باشوری ئیسپانیاوە گەشتی کردووە بۆ هەرێمی باسکی وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

مارینۆ بەنجی شوێنی (تخدیر موضعی) بۆ کراوە، بەر لەوەی دەستبکرێت بە پرۆسەی قژ ڕواندنەوەکەی، بەڵام لەکاتی پرۆسەکەدا دووچاری جەڵتەی دڵ بووەتەوە و هەموو هەوڵەکانیش بۆ رزگارکردنی ژیانی شکستیان هێناوە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو نەخۆشخانە تایبەتەی کە نەخۆشەکە تیایدا گیانی لە دەستداوە، ماوەی پێنج ساڵە نەشتەرگەریی چاندنەوەی قژی تێدا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەبووە کە ئایا بەهۆی پرۆسەی بەنجکردنەکەوە گیانی لە دەستداوە، یاخود بە هۆکارێکی تر بووە.

ئیدارەی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پزیشکانە ی بەشداری پرۆسەی ڕواندنەوەی قژی ئەو پیاوەیان کردووە، هیچ ڕوداوێکی لەوشێوەیەیان لە نەخۆشخانەکە نەدیووە.

لە بەرامبەریشدا کۆمەڵەی بەرگری لە مافەکانی نەخۆش لە یاداشتێکدا داوایان لە دادگا کردووە، دۆسیەی روداوەکە بجوڵێنێت و پێدەچێت گیانلەدەستدانی ئەو پیاوە، بەهۆی پێدانی بڕێکی زیاتر لە ماددەی بێهۆشکەرەوە بووبێت، یاخود پشکنینی پێویستی بۆ نەکراوە بەر لەوەی پزیشکەکان دەستبکەن بە پرۆسەی قژڕواندنەوەکە.

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانەکە وا باسی قژ ڕواندنەوە دەکات کە هیچ مەترسییەکی لاوەکی نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەو لێدوانانە بۆ ئەوەیە خەڵک باوەڕیان پپێبکات و بەهۆی پڕوپاگەندەوە خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە.
ع.م