سەردێڕ:

ئێران هەندێک بڕگەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەڵپەسارد

فۆتۆ: 
2019-05-08

2095 جار خوێندراوەتەوە

ئێران هۆشداریدا لە داڕمانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چەند بڕگەیەکیشی هەڵپەسارد، مۆڵەتی دوو مانگیشی داوەتە ڕۆژئاوا تا بەڵێنەکانیان سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، ئەگەر نا ئەوا ڕێوشوێنی دیکە دەگرێتەبەر.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و ڕەوانەکردنی گەورەترین کەشتیگەلی سەربازیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە هەریەک لە ڕوسیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و چین، تا پابەندی بەڵێنەکانیان بن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە کەرتەکانی نەوت و بانکەکاندا، ئەگەر نا ئەوا پیتاندنی ماددەی یۆرانیۆم  و بەرهەمهێنانی ئاوی قورس زیاتر دەکەن، کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێت.

ڕوحانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بچێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یان سزای نوێ بەسەر وڵاتەکەیدا بسەپێنرێت، ئەوا وەڵامی توند و بەپەلەیان دەبێت.

هاوکات محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاشكرایكرد، له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌  ناكشێنه‌وه‌، بەڵکو جێبه‌جێكردنى چه‌ند بڕگەیەکی ده‌وه‌ستێنن، له‌ به‌رامبه‌ر هەڵوێستی ئه‌ندامانى یه‌كێتیى ئه‌وروپاش نیگه‌رانن.

ئەو هەنگاوەی تاران لەدوای شکستهێنانی یەکێتی ئەوروپا دێت لە ڕووبەڕوبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و ئەو سزا قورسانەی کە بەسەریدا سەپێندران.

لە کاردانەوەی وتەکانی ڕوحانیدا بەرپرسانی فەڕەنسا دەڵێن ئەگەر ئێران بیەوێت لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە پاشەکشە بکات، ئەوا ئەوان و وڵاتانی ئەوروپا ناچار ده‌بن به‌پێی مه‌رجه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە.

حکومەتەکانی چین و ڕوسیاش داوایان لەسەرجەم لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە کردووە، پابەندی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بن و پێشێلی هیچ بڕگەیەکی نەکەن و داڕمانی ڕێککەوتنەکەشیان بە مەترسیدار ناوبرد، کە لە بەهاری ٢٠١٥ ەوە واژۆی لەسەرکراوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكیش لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران بە نیازبووە لەسەر خاكی عێراق و سووریا هێرش بكاتە سەر بەرژەندییەکانی ئەمریكا، بۆیە ئەمریکا جوڵەی بە گەورەترین کەشتیگەلی سەربازیی بۆ ناوچەکە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئێران هەماهەنگی لەگەڵ هێزە بریكار و هاوپەیمانەكانی كردووە لە ناوچەكەدا تا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرش بكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا.