سەردێڕ:

فەڕەنسا هۆشداری دایە ئێران

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی بەسەرکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-08

6608 جار خوێندراوەتەوە

فلۆرێنس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا هۆشداری دایە ئێران لە کشانەوە لە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی کارکردنەوە بە سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەر تاراند و ئیسرائیلیش ڕایگەیاند ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە کەناڵی تەلەفزیۆنی "بی ئێف ئیم"ی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، هیچ شتێک لەوە خراپتر نییە ئێران لە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپا بکشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ هێشتنەوەی ڕێککەوتنەکە.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی چین  لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە ڕێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت، هەموو لایەکیش بەرپرسیارە لە دڵنیایی و بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ڕایگەیاند کشانەوەی پێشتری واشنتۆن لە ڕێککەوتنەکە پێشێلکارییەکی ڕەهای ڕێککەوتنەکە بوو.

هاوکات دیمتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا "کرملن" ڕایگەیاند، ئێران توڕەو ئیستیفزاز کراوە، بۆیە لە بەشێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزەکاندا کشاوەتەوە.

سەبارەت لە هەڵوێستی ئیسرائیل دەربارەی ڕاگەیاندنەکەی ئێران بەوەی کە لە بەشێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کشاوەتەوە، بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکی تر هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەوە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە لایەنی چاودێرە بەسەر ڕێککەوتنەکە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، سیستمی پشکنینەکانی لە ئێران گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و بەشێوەیەکی ئاسایی ئەرکی خۆیان ڕادەپەڕێنن.

ئەو پێشهاتانەش لە کاتێکدایە، دوێنی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، تاران کشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت لە بەشێک لە پابەندبوونەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ خۆرئاوا، کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزا کراوە.

حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەکردووە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوەوەی وڵاتەکەی لە بری ئەوەی بە دەرەوەی بفرۆشێت.

سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی ئەوەیشی کرد لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستبکاتەوە بە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی چالاک.

ع.م