سەردێڕ:

بەشێک لە وردەکاریی دیداری نێوان عەبدولمەهدی و مایک پۆمپیۆ بڵاوکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-05-08

3913 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی بەشێک لە وردەکارییەکانی سەردانە کتوپڕەکەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراکرد.

نوسینگەی عەبدولمەهدی ئەمڕۆ چوارشەممە (٨ی ئایاری ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پۆمپیۆ، جەختیکردووەتەوە لەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی عێراقە، ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی هاوسەنگی خۆی بۆ بنیاتنانی پردی پەیوەندی لەگەڵ هەموو دۆست و هاوسێکاندا، بەتایبەت وڵاتی ئێران.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، عەبدولمەهدی جەختیکردووەتەوە لە خواستی عێراق بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش لە سەرجەم بوارەکاندا.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی وڵاتەکەی و قوڵکردنەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکان و هەڵوێستەنەکردنە لەسەر ناکۆکییەکان، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بنیات دەنێت.

ڕوونیشیکردووەتەوە، عێراق خواستی ئەوەی هەیە سەرجەم ناکۆکییەکانی لەسەر بنەمای گفتوگۆی ڕاستگۆیانە و بنیاتنەرانە چارەسەر بکات، جەختیشکردووەتەوە لە گەڕانەوەی عێراق بۆئەوەی ڕۆڵی بنەڕەتی خۆی بگێڕێت لە ناوچەکە، لەپێناو ئەوەی بەغدا شوێنی بگرێتەوە بۆئەوەی لەو خاڵە هاوبەشانەدا لەگەڵ هەموو لایەک پێکبگاتەوە و لەو ڕووەشەوە هیچ بوارێک نییە بۆ ململانێ و ناکۆکی.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کردووە لە چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەوە و، ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و دەستی کار و پسپۆڕی بیانی، بەو پەیوەندییە تایبەتەش کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیەتی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی حکومەتی عێراقی کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای (ئیسکۆن مۆبیل)ی ئەمریکی سەبارەت بە پرۆژەکانی نەوت لە باشوری عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای حکومەت کۆبوەوە.

بەر لە سەردانەکەی بۆ بەغدا مایک پۆمپیۆ و عادل عەبدولمەهدی دوو جار پێکەوە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

ع.م