سەردێڕ:

بەرپرسانی ئەمریکا: ئێران پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر هێزەکانمان لە عێراق

فۆتۆ: 
2019-05-08

6755 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایاگەیاندووە، زانیاری هەواڵگریان پێگەشتووە کە هێزەکانی ئێران پلانیان هەیە هێرشبکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەبەر ئەوە پنتاگۆن هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە ناردووە.
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە مەترسی پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە خاکی عێراقدا دەخاتەڕوو
.

ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە ماڵپەڕەکەیان ڕاگەیاندووە، زانیاری هەواڵگری ورد و باوەڕپێکراویان پێگەیشتووە کە هێزەکانی ئێران و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەو وڵاتە پلانیان هەیە لە چەند ناوچەیەک لە نێویشیاندا عێراق، هێرشبکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

بەرپرسەکان دەڵێن، ئەو زانیارییە هەواڵگریانە هۆکاربووە بۆ ئەوەی پێنتاگۆن کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی کەنارە ئاوییەکانی ئێران بکات.

مایک پۆمپیۆ لە سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ عێراق بە ڕۆژنامەنوسانی وتووە، " هیوادارم ئێرانییەکان دوو جار بیربکەنەوە لە بارەی هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا"، جەختیشی لەوەکردووەتەوە، " توانا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زۆر تایبەتمەندە لە ئاشکراکردنی هەر هێرشێکی لەناکاو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بەرپرسانی عێراقی ئاگادارکردووتەوە کە پێویستە ئەو هێزە چەکدارانەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندان بخرێنە ژێر فەرمانی حکومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی بەم هەنگاوە "هێزە چەکدارەکان دەتوانن رۆڵێکی کاراتر ببینن لە ئارامی عێراق".

دەربارەی ناردنی فڕۆکە و کەرەستەی سەربازیش بۆ کەناراوەکانی کەنداو پۆمپیۆ رایگەیاندووە، واشنتۆن دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بکات و دەیەوێت گەرەنتی ئەوە بکات هێزەکانی ئەمریکا توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی هەیە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش  دەربارەی دیداری عادل عەبدولمەهدی و مایک پۆمپیۆ لە راگەێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "عادل عەبدولمەهدی جەختیکردووەتەوە لە پاراستنی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن و پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان لە ناویشیاندا ئێران وەکو وڵاتێکی دراوسێ".

سەردانەکەی پۆمپیۆ داوی ئەوە هات  رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٩، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆلنی بۆ ئاوەکانی کەنداو ڕەوانەکردووە، ئەوەش پەیامێکی ڕوونی ئەمریکایە بۆ ئێران، کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

هـ.ع