سەردێڕ:

جەهەپە ئیمامئۆغلۆ بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ کاندید دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-08

1232 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری رایگەیاند، بۆ جارێکی دیکە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ کاندید دەکەنەوە.

رۆژی سێشەممە کەمال کلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکرد، " ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ بە تەنها کاندیدی پارتی گەلی کۆماری نیە، بەڵکو لە ئێستاوە کاندیدی ١٦ ملیۆن دانیشتووی ئیستەنبوڵە".

لە وتارەکەیدا سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری رەخنەی لە ئەندامانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرت و بە "جێبەجێکاری فەرمانەکانی دەسەڵات" وەسفیکردن.

باسی لەوەشکرد، "کێشەکە تەنها کێشەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ نیە، بەڵکو کێشەکەی دیموکراسی و رەوشت و ویژدانی هەموو تورکیایە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دووشەممە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دامەزراوەکە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەکانى پێشووى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ و دووبارەکردنەوەى دەرکرد.

هاوکات، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ٢٣ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەکو رۆژی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ دیاری کرد، ئەوەش دواى داواکاریەکى ئاکەپە بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ.

لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، لە شاری ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە بەدەستهێنانی چوار میلۆن و ١٥٩ هەزار و ٦٥٠ دەنگ (٤٨.٨٠%)  بووە براوەی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا بیناڵی یڵدرم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی چوار ملیۆن و ١٣٠ ھەزار و ١٩٠ دەنگ ( ٤٨.٤٨ ٪)‏ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی لەدەستدا.

هـ.ع