سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا

لەگەڵ عەبدولمەهدی کۆدەبێتەوە
فۆتۆ: 
2019-05-07

3683 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە سەردانێکی رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە.

سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق کە نەیویستووە لەبەر هەستیاری سەردانەکە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا ڕاگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەل عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەو سەردانەی پۆمپیۆ بۆ بەغدا بەو کتوپریە لە کاتێکدایە، بڕیاربووە ئەمڕۆ سەردانی ئەڵمانیا بکات، وەک وتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی کتوپڕ گەیشتووەت بەغدا.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە پەرەسەندندایە و، لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە قۆناغی نوێی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووە  بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو وڵاتانەی بەخشرابوون لە سزاکان، چیتر ناتوانن نەوتی ئێران بکڕن.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ٦ی ئایاری ٢٠١٩، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆلن بۆ ئاوەکانی کەنداو ڕەوانەکردووە و ، پەیامێکی ڕوونی ئەمریکایە بۆ ئێران، کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ لێپرسراوانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، واشنتۆن بەم نزیکانە  چوار فڕۆکەی ستراتیژی لە جۆری (B52) ڕەوانەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ع.م