سەردێڕ:

ئەمریکا فڕۆکە ستراتیژییەکانی خۆی ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-07

8860 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، واشنتۆن بەم نزیکانە  چوار فڕۆکەی ستراتیژی لە جۆری (B52) ڕەوانەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو لێپرسراوانەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە ستراتیژییەکانی (B52) تیمی تایبەتی کۆمەک و چاککردنەوەشیان لەگەڵدا ڕەوانە دەکرێت، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە فڕۆکەکان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن.

ئەو لێپرسراوانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت ئاماژەیان بەوە کردووە، هێشتا فڕۆکەکان نەخراونەتە ڕێ، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە دەست بە ڕەوانەکردنیان بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ٦ی ئایاری ٢٠١٩، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکە هەڵگرێک ڕەوانەی ئاوەکانی کەنداو دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆلن بۆ ئاوەکانی کەنداو، پەیامێکی ڕوونی ئەمریکایە بۆ ئێران، کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا، سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، ئەگەربێتو ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ سفرکردنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.

فڕۆکەی جۆری بی ٥٢ بە فڕۆکەی ستراتیژی دوورهاوێر یان دوور مەودا ناسراوە، ئەویش بەهۆی توانای مانەوە و فڕینی بۆ شوێنە دوورە دەستەکان کە فرۆکەی جەنگییەکانی دیکە ناتوانن پێی بگەن.

ئەم فڕۆکەیە سەر بە هێزی ئاسمانی ئەمریکایە و لە ساڵی ١٩٥٤ دروستکراوە و خاوەنی هەشت مەکینەی جۆری تۆڕباینی بەهێزە.

فڕۆکەکە توانای هەڵگرتنی ٣٢ تۆن بۆمب و تەقەمەنی جیاجیای هەیە، فڕۆکەکە لە بنەڕەتدا بۆ جەنگی ئەتۆمی دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا بۆمبی ئاسایی هەڵدەگرێت بۆ هێرشەکان.

سوپای ئەمریکا لە هێرشەکانی ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسین لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشێوەیەکی فراوان بەکاری هێنا لە ویرانکردنی ژێرخانی سەربازی و باڵەخانە و ژێرزەمینە بەهێزەکان لە دژی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

ع.م