سەردێڕ:

باشترین کات بۆ وەرزشکردن لە ڕەمەزاندا

فۆتۆ: 
2019-05-07

5072 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە وەرزشکردن لە مانگى ڕەمەزاندا بەراورد بە مانگەکانى دیکەى ساڵ سروشتێکى جیاوازی هەیە، بەڵام ئەنجامدانى بە شێوەیەکى تەندروست سوڕى خوێن چالاک دەکات و ماسولکەکان بەهێزدەکات.

بەپێى پێگەى ویب توبى تەندروستى، وەرزشکردن لە مانگى ڕەمەزاندا دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى وزە و ئاوى لەش، لەگەڵ ئەوەشدا سوڕى خوێن چالاک دەکات و ماسولکەکان بەهێز دەکات، هەروەها توڕەیى ناهێڵێت و فشارە دەروونییەکان کەمدەکاتەوە.

بەپێى توێژینەوە تەندروستی و پزیشکییەکان، دورکەوتنەوە لە وەرزشکردن لەو مانگەدا چارەسەرنییە، لەبەرئەوەى ڕاهێنانکردن سوودێکى گەورە بە تەندروستى جەستە و دەرونى کەسەکە دەگەیەنێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر واز لە وەرزشکردن بهێنرێت لە ڕەمەزاندا لەگەڵ زیادکردنى قەبارەى خۆراک لاى ڕۆژوەوان، بەتایبەت لە شەواندا، ئەوا هەوڵ و ماندوبوونەکانیان کە لە مانگەکانى تردا لە ڕێگەى وەرزشکردنەوە بەدەستیانهێناوە، لەدەستیدەدەن و کێشیان زیاد دەکات.

بەپێى پێگە تەندروستییەکە، کە وەزارەتى تەندروستیی سعودیە پشتڕاستیکردووەتەوە، دەرکەوتووە باشترین کاتى وەرزشکردن لە نێوان بەربانگ و پارشێودایە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەشتوانرێت بە ٣ یان ٤ کاتژمێر پێش یان پاش بەربانگ وەرزش بکرێت، چونکە پرۆسەى هەرسکردنى خۆراکى گەدە تەواوبووە، بەڵام لەو حاڵەتەدا بە چەند مەرجێک دەبێت:

١- نابێت ماوەى وەرزشکردنەکە لە کاتژمێرێک زیاتربێت.

٢- دەبێت لەناو هۆڵى داخراو بێت و پلەى گەرمیی هۆڵەکە گونجاوبێت، ئەوەش بۆ پاراستنى ڕۆژوەوان لە بەرزیی پلەى گەرمى دەرەوە و تیشکى خۆر، چونکە کەشوهەواى گەرم دەبێتە هۆى نەمانى شلەمەنییەکانى جەستە و بەوەش ئەگەرى توشبوون هەیە بە وشکبوونەوە.