سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا هێلکەیەک درا بەسەری سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا دا

فۆتۆ: 
2019-05-07

3446 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا ژنێکی ناڕازی هێلکەیەک دەکێشێت بە سەری سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیادا و هەر لەوێدا دەستگیردەکرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ژنە تەمەنی ٢٤ ساڵە و بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر سەرۆک وەزیران دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکراوە.

دوای ئەوەی ئەو ژنە هێلکەکە دەدات بە سەری سکۆت مۆریسۆن سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیادا، پاسەوانەکانی مۆریسۆن دەستبەجێ ژنەکە دەگرن و لە سەرۆک وەزیران دووریدەخەنەوە.

لەوبارەیەوە پۆلیس ڕایگەیاندووە، "سەرۆک وەزیران بەشداریی مەراسیمێکی دەکرد، کاتێک ئەو ژنە لە پشتەوە بە هێلکە لە پشتە سەریی دا." بەڵام پۆلیس هیچ زانیارییەکی زیاتری لەبارەی ناسنامە و هۆکاری پشت ئەو کارە لەلایەن ژنەکەوە، نەخستووەتەڕوو.

ئەو ژنە، دوای ڕووداوەکە و ئازادبوونی بە کەفالەت، بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، ئەو کارەی ئەو "خۆی دەدوێت." بڕیاریشە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە دادگایی بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا گەنجێکی ئوسترالی بە هێلکە هێرشی کردە سەر سیناتۆرێکی ئوسترالی و دواتر دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.