سەردێڕ:

هیومان ڕایتس وۆچ: هەوڵی دەستگیرکردنی کەسوکاری داعش لە عێراق نایاساییە

فۆتۆ: 
2019-05-07

705 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW) داوا لە عێراق دەکات پێشنیازێکی حکومەت ڕەتبکرێتەوە بۆ دەستگیرکردنی سەدان هەزار لە کەسوکاری چەکدارانی داعش، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، سەرەتای ئەمساڵ  لیژنەى (چاودێرى و جێبەجێکردنى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان) پێشنیازی بۆ عادل عەبدولمەهدی کردووە، ٢٨٠ هەزار کەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لە عێراق دەستگیربکرێن.

لەما فەقییە، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوەکە لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، پێشنیازەکەی حکومەتی عێراق پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها دژی ئامانجەکانی ئەو وڵاتەیە سەبارەت بە سەقامگیریی قۆناغی دوای تێکشکانی داعش.

ئەوەشی خستەڕوو، دەستگیرکردنی ئەو خێزانانەی کە دەستیان لە تاوانەکانی داعشدا نەبووە، شێوازێکی سزادانی بەکۆمەڵە، کە ڕق و کینە دروستدەکات و کاریگەریی لەسەر ژیانی هەزاران کەسیش دەبێت.

محەمەد سەلمان سەرۆکی ئەو لیژنەیەیە کە پێشنیازەکەی کردووە، بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، پێشنیازەکەیان هاوسەر و منداڵ و خوشک و برا و دایک و باوکی چەکدارانی داعش دەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەکدارەکانی داعش کوژرابن، بێسەروشوێنبن یاخود لە زینداندابن.

بەگوێرەی بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، بڕیارەکە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس لە عێراق و ٣١ هەزار ئاوارەی عێراقی لە کەمپی ئاوارەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگرێتەوە، کە بڕیارە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق.

هـ.ع