سەردێڕ:

بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستی لەمساڵدا دابەزی

فۆتۆ: 
2019-05-07

21261 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بریاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ، لیرەی تورکی بە رێژەی ٠.٧%ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەوەش نزمترین ئاستییەتی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا.

میدیاکانی ناوخۆی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە ئێستادا ٦ لیرەی تورکی بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکیە، ئەوەش نزمترین ئاستی دراوی تورکییە لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو، دابەزینی لیرەی تورکی هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ترسی وەبەرهێنەرانی بیانی لە تورکیا، کە پەیوەندی هەیە بە رەخنەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و خراپی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، شارەزایانی بواری ئابوری تورکیا پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوەی بەهای ماددە خۆراکییەکان بۆ مانگی دووەم لەسەریەک لە بازاڕەکانی تورکیا بەردەوام بێت، بە گوێرەی ئامارێکیش تێکڕای هەڵاوسان بۆ ٢٠.٤% لە مانگی نیساندا بەرزبووەتەوە.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی دوای ئەوە هات ئێوارەی رۆژی دووشەممە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دامەزراوەکە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەکانى پێشووى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ و دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکەی لە ٢٣ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەرکرد.

هـ.ع