سەردێڕ:

جەهەپە: دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى ئیستەنبوڵ دیکتاتۆریە

فۆتۆ: 
2019-05-07

2094 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکانى شارەوانى ئیستەنبوڵ کاردانەوەى لێکەوتەوە و پارتى گەلى کۆمارى بە دیکتاتۆریەکى ئاشکرا ناوى برد.

ئۆرنوساڵ ئەدیگۆزیل، جێگرى سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى تورکیا لە تویتێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ڕایگەیاند، ئەم دەسەڵاتەى تورکیا کە خواستى گەل هەڵدەوەشێننەوە و یاسا پێشێل دەکەن هیچ دیموکراسى و شەرعى نیە و ئەوە دیکتاتۆریەتە.

ئەوەش دواى ئەوە هات کە دامەرزاوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و دووبارە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی لە ئیستەنبوڵ کرد.

ئێوارەی دووشەممە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دامەزراوەکە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەکانى پێشووى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ و دووبارەکردنەوەى دەرکرد.

هاوکات، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ٢٣ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەکو رۆژی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ دیاری کرد، ئەوەش دواى داواکاریەکى ئاکەپە بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبوڵ.

لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، لە شاری ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە بەدەستهێنانی چوار میلۆن و ١٥٩ هەزار و ٦٥٠ دەنگ (٤٨.٨٠%)  بووە براوەی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا بیناڵی یڵدرم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی چوار ملیۆن و ١٣٠ ھەزار و ١٩٠ دەنگ ( ٤٨.٤٨ ٪)‏ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی لەدەستدا.

ب.ب