سەردێڕ:

بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی ئێران ئەمریکا فڕۆکە هەڵگرێکی ڕەوانەی کەنداو کرد

فۆتۆ: 
2019-05-06

3232 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناردنی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بۆ ئاوەکانی کەنداو، پەیامێکی ڕوونی ئەمریکایە بۆ ئێران، کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

ئەو وتانەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە (٦ی ئایاری ٢٠١٩) پاتریک شاناهان ڕێکخەری کاروباری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناردنی فڕۆکە هەلگری ناوبراو بۆ ناوچەی کەنداو، وەڵامدانەوەی مەترسییەکانی ئێرانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لە بەرامبەریشدا کەیوان خەسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، لێدانەکانی بۆڵتۆن سەبارەت بە ناردنی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن، دەچێتە چوارچێوەی جەنگی دەروونییەوە.

لە لایەکی ترەوە جۆن بۆڵتۆن، کە بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر ئێران ناسراوە، ڕایگەیاند، ئەمریکا نایەوێت تووشی شەڕ ببێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵام لە ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سوپای پاسداران یان هەر هێزێکی تر کە بیەوێت بە نوێنەرایەتی ئێران شەڕ بکات لە دژی ئەمریکا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا، سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، ئەگەر بێتو ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ سفرکردنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ع.م