سەردێڕ:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی باشترین خۆراکەکانی پارشێو دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-06

7155 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بە باشترین ژەمە خۆراکی پارشێو دەکات و، ئامۆژگاریی ڕۆژوەوانانیش دەکات کە تا دەتوانن پارشێو دوابخەن بۆئەوەی بتوانن کاریگەریی ڕۆژ لەسەر خۆیان کەمبکەنەوە.

لەوبارەیەوە ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ژەمی پارشێو بایەخێکی گرنگی هەیە لە مانگی ڕەمەزاندا و، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو مانگەشدا موسڵمانان ئامۆژگاری و ڕێنمایی جیاجیا بڵاودەکەنەوە سەبارەت بەو خۆراک و خواردنەوانەی کە باشە، بۆئەوەی کەمتر ڕۆژوەوان هەست بە برسێتی و تینوێتی بکات.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە بایەخ بەو خۆراکانە بدرێت لە پارشێودا کە بڕێکی زۆر کاربۆهێدرات و ڕیشاڵیان تێدایە، وەک نان و پاقلەمەنییەکان و برنج و مەعکەرۆنی و میوە، بەتایبەت میوەی مۆز، کە بڕێکی باش مادەی پۆتاسیۆمی تیدایە.

هەروەها ئامۆژگاریی ڕۆژوەوانانی کردووە بە خواردنەوەی کوپێک شیری بێ چەوری لە پارشێواندا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو خۆراکانە کاریگەریی باشی هەیە لەسەر ئەو درێژیی بەڕۆژبوونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی و ڕێگریکردن لە تینوێتی.

هەروەها ئامۆژگاریی ڕۆژوەوان دەکات، لە ڕەمەزاندا بایەخ بە خواردنی چەرەسات بدرێت، بەتایبەت بادەم و بندوق، بەو پێیەی بڕێکی زۆر لە پرۆتن و کالۆرییان تێدایە و کاریگەرییان هەیە لەسەر دواخستنی برسێتی.

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاریی ڕۆژوەوانانی کردووە لە پارشێواندا بایەخ بە خواردنی ماست و هێلکەی کوڵاو بدەن، بەو پێیەی بڕێکی زۆر ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە، کە لەکاتی بەڕۆژبووندا مرۆڤ زۆر پێویستی پێیانە.

لە هەمووی گرنگتر، پێویستە بایەخ بە خواردنەوەی ئاوی پێویست بدرێت، چونکە لاشەی مرۆڤ لە ڕۆژێکدا پێویستی بە نزیکەی دوو لیتر ئاو هەیە.

ع.م