سەردێڕ:

توێژینەوە.. ئەو پیاوانەی قاپ دەشۆن تەمەنیان درێژتر دەبێت

فۆتۆ: 
2019-05-06

18353 جار خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکراکراوە، ئەو پیاوانەی قاپ دەشۆن، جلوبەرگ قەد دەکەن و ناو ماڵ پاکدەکەنەوە، تەمەنیان درێژترە بە بەراورد بەوانەی هیچ کارێکی ناوماڵ ناکەن و بەدەگمەن دەجوڵێن.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی برایت ساید ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کردووە، کە تیایدا زاناکان دەریانخستووە، هیلاک کردنی جەستە بە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانی ناوماڵ وەکو قاپ شۆردن و ئەرزپاکردنەوە، دەبێتە هۆی زیادکردنی تەمەنی مرۆڤ.
توێژینەوەکە لە ڕۆژنامەی"Journal of the American Geriatrics Society"ی ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، زاناکان لێکۆڵینەوەیان لە سەر ٦٠٠٠ ئافرەت کردووە کە تەمەنیان لە ٦٣ بۆ ٩٩ ساڵ بووە، زانیارییان لە سەر جوڵە و چالاکیی جەستەیی ئەو بەشداربووانەیان بۆ ماوەی ٣ ساڵ کۆکردبووەوە و باری تەندروستییان تۆمار کردووە.

بە گوێرەی دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەو ئافرەتانەی کە ڕۆژانە ٣٠ خولەکیان بە ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی وەک جلوبەرگ قەدکردن و قاپ شۆردن بەسەربردوو، مەترسیی مردنیان بە ڕێژەی ١٢% کەمتر بوو بە بەراورد بەوانەی کە بە دەگمەن دەجوڵان.

ئاماژە بەوەش کراوە، جوڵە و چالاکیی جەستەیی لە ناو ماڵدا ئەگەری تەمەن درێژیی بە ڕێژەی ٣٩% زیاد دەکات، هەروەها باسیان لەوە کردووە، ئەم دۆزینەوەیە بە هەمان شێوە بۆ پیاوانیش دەبێت و ئەوانەی کاری ڕۆژانەی ناوماڵ دەکەن بە هەمان شێوە مەترسیی مردنیان کەمترە و ئەگەری هەیە تەمەنێکی درێژتر بژین.