سەردێڕ:

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە ٢٥ کەس کوژراون

فۆتۆ: 
2019-05-05

3586 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە ٢٥ کەس کوژراون و ١٥٤ کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەیەک لە کوژراو و بریندارەکان لەناو ئەو شوقانەدا بوون کە بە "تاوەرەکانی شێخ زاید" ناسراون و، ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆمباران کراون.

لەناو کوژراوەکانی ئەمڕۆدا سێ کەسی یەک خێزان کوژراون، کە یەکێکیان منداڵێکی شیرەخۆرەی ٤ مانگە، دوێنێش بە هەمان شێوە لە شارۆچکەی بەیت لاهیا ٤ ئەندامی خێزانێکی دیکە پێکەوە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی کەرتی غەززە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کابینەی ئەمنیی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ کۆبووەتەوە و فەرمانیکردووە بە بەردەوامیی هێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و ئامادەباشی بۆ قۆناغی داهاتوو.

سوپای ئیسرائیل لای خۆیەوە بڵاویکردەوە، چەکدارەکانی حەماس لە کەرتی غەززە تا ئێستا ٦٠٠ موشەکیان ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل کردووە، بەڵام دژە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کە بە "قەڵغانی ئاسنین" ناسراون، توانیویانە ١٥٠ موشەکیان بخەنە خوارەوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، یەکێک لە هێرشەکان سەرکردەیەکی بزوتنەوەی حەماسی تیا کراوەتە ئامانج و کوژراوە بە ناوی حەمەد خزری، گوایە بەرپرسە لە گەیاندنی کۆمەکەکانی ئێران بە بزوتنەوەی حەماس.

تا ئێستا بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی حەماوە ئیسرائیل دانی بە کوژرانی سێ هاوڵاتی مەدەنیدا ناوە.

دەربارەی زیانەکانی کەرتی غەزە کە لە زاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە تا ئێستا ٢٦٠ ئامانجیان لە غەززە بۆردومان کردووە و، یەکێک لە بۆردومانەکان دوو باڵەخانەی بە تەواوی وێرانکردووە، کە بەشێکی بازاڕ بووە و خاوەنەکانیان هیچیان بۆ دەرنەچووە.

پێکدادانەکانی ئەمجارەی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە دەستیپێکردووە، کە خۆپیشاندەرە فەڵەستینییەکان هەینیی ڕابردوو وەک هەموو هەینییەکی دیکە گردبوونەوە لە دژی سەپاندنی گەمارۆکانی ئیسرائیل بەسەر کەرتی غەززەدا.

دواتریش چەکدارە فەڵەستینییەکان لە ڕووبەڕوبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دوو سەربازیان بریندارکرد و، دواتر هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکرد.

ع.م