سەردێڕ:

چۆن بەبێ دەرمان خۆت لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دەپارێزیت؟

فۆتۆ: 
2019-05-05

7298 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشیی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن (High blood pressure) لەمڕۆدا بووەتە مایەی کێشەیەکی تەندروستیی گەورە بۆ ملیۆنان مرۆڤ، بەڵام لە ڕێگەی خەرجکردنی توانایەکی کەمەوە بە شێوەیەکی ڕۆژانە، دەتوانرێت مەترسیی دووچاربوون بەو نەخۆشییە لە خۆت دووربخەیتەوە.

ڕۆژنامەی (ئێکسپرێس)ی بەریتانی ئەمڕۆ یەکشەممە (٥ی نیسانی ٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە، دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەندێک لە ڕاهێنانی وەرزشیی ئاسان و پەیڕەوکردنی شێوازێکی نوێی خۆراک، خۆت بەدووربگرێت لەو نەخۆشییە.

ڕۆژنامەکە نوسیوویەتی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە ٦٦ ملیۆن کەس.

Related image

زۆرێک لە توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دووچاربوون بە نەخۆشیی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن پەیوەندیی هەیە بە سیستمی خۆراکیی ناتەندروستەوە، کە مرۆڤەکان پەیڕەوی دەکەن، یاخود ئەنجامنەدانی وەرزش بە شێوەیەکی پێویست.

پزیشکان دەڵێن، ئەنجامدانی وەرزشی پاسکیلسواری بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، دەبێتە هۆی هاوکاریکردن بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە نیشانە و مەترسییەکانی نەخۆشیی فشاری خوێن.

بە وتەی ئەو پزیشکانە، پاسکیلسواری باشترین چارەسەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە، کە بە (بکوژی هێواش) ناونراوە.

Related image

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مرۆڤ ڕۆژانە نیو کاتژمێر وەرزشی پاسکیلسواری بە خێراییەکی ئاسایی بکات، بەسە بۆئەوەی خۆی بەدووربگرێت لە دووچاربوون بە نەخۆشیی فشاری خوێن، کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و جەڵتەی دڵ.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، وەرزشی پاسکیلسواری جێگیریش هەمان کاریگەریی هەیە، بەڵام پاسکیلسواری لە هەوای پاکدا باشترە و کاریگەریی زیاترە.

توێژەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانەی حەز بە وەرزشی پاسکیلسواری ناکەیت، ئەوا ڕۆژانە  بە پیادە ڕۆیشتن بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەسە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی دووچاربوون بە نەخۆشیی فشاری خوێن.

Image result for ‫ماراسۆنی کوردستان‬‎

پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەرج نییە نیو کاتژمێر ڕۆیشتنەکە بە پیادە بەسەریەکەوە بێت، دەکرێت ١٠ خولەک و ١٥ خولەک خۆت ڕێکی بخەیت بۆئەوەی کەمێک پشوودانی تێدا بێت.

پزیشکەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن، کە ئەگەر توانای پاسکیلسواری یان ڕۆیشتنیان نییە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک، دەتوانن بە کاری ڕۆژانەی ناو ماڵ یان کارکردن لە باخچەی ماڵەوە ئەو چالاکی و جوڵەیە بکەن.

ع.م