سەردێڕ:

ئێران پەنا بۆ "بازاڕی خۆڵەمێشی" دەبات بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی

فۆتۆ: 
2019-05-05

6745 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی هەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ فڕۆشتنی نەوتی خاو لە ڕێگەی "بازاڕی خۆڵەمێشییەوە" (سوق الرمادی).

ئەمیر حسین زەمانی جێگری وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە (٥ی ئایاری ٢٠١٩) بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا، هەموو توانایەکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی لە بازاڕی وزەدا.

زەمانی ئاماژەی بەوەکرد، هەموو توانایەکی وڵاتەکەی خۆیان خستووەتە گەر بۆ ئەوەی بتوانن نەوتی خاوی ئێرانی لە بازاڕی خۆڵەمێشی بفرۆشن.

بازاڕی خۆڵەمێشی یاخود هەندێک بە یاسای هاوتەریب ناوی دەبەن، بریتییە لە بازرگانییەک بۆ دابەشکردنی بەرهەم لە ڕێگەی کەناڵی یاساییەوە، بەڵام بریتی نییە لە بەرهەمێنانی بنەرەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەش بە قاچاغ فرۆشتنی نەوت نییە، بەڵکو ڕووبەڕوو بوونەوەی سزاکانی ئەمریکایە و بەلاشیانەوە کارێکی شەرعییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لەو وڵاتانە کرد کە نەوتی ئێرانی دەکڕن، لە ڕۆژی ١ی ئایارەوە دەستبەرداری ئەو بازرگانییە ببن لەگەڵ تاراندا، ئەگەر نا خۆیان ڕووبەڕووی سزای ئەمریکا دەکەنەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەمەودوا ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران دەهێنە سەر سفر، چونکە پێی وایە ئێران داهاتەکانی نەوت بۆ پشتیوانی لە گروپە "تیرۆریستییەکان" بەکار دەهێنێت.

 لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات، ئەگەر بێتوو ڕێگەی پێ نەدرێت نەوتی وڵاتەکەی بفرۆشێت.

ع.م