سەردێڕ:

مایک پۆمپیۆ پەیوەندییەکى تەلەفۆنیی بە عادل عەبدولمەهدییەوە کرد

فۆتۆ: 
2019-05-04

1518 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى لە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاوە پێ گەیشت و، جەختیان لەسەر قوڵکردنەوەى پەیوەندییە ئابورییەکانى هەردوولایان کردەوە.

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا عادل عەبدولمەهدى جەختى لەوە کردەوە عێراق دەیەوێت سوود لە تەکنەلۆژیا و ئەزموونى ئەمریکا وەربگرێت و، ببێتە هۆى دروستبوونى هەلى کار لە عێراق و پێشکەوتنى کەرتە گرنگەکان.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانى عێراق هەوڵەکانى هەردوولاى بەرز نرخاند بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامى گفتوگۆکان لەسەر واژۆکردنى یەک پاکێجى لەگەڵ کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیلى ئەمریکى بۆ گەشەپێدانى کەرتى وزەى عێراق.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا عادل عەبدولمەهدى گەشتەکەى بۆ ئەوروپا و کارکردنى لەسەر چەندین دۆسیە لەمیانەى گەشتەکەیدا بۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕوونکردەوە.

هاوکات  مایک پۆمپیۆش جەختى لە هاوکارییەکانى وڵاتەکەى کردەوە بۆ حکومەتى عێراق و سیاسەتى دەرەوەى و ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕۆڵى عێراق و گەورەبوونى پێگەى لە ناوچەکەدا دەکەن و خۆشحاڵن بەو هاوکارییانەى کە لە بوارەکانى ئابورى و سیاسی و ڕۆشنبیرى لە نێوانیاندا هەیە.

ئ.ر