سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ڕاپۆرتێکی ئێن ئاڕ تی زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری لە فەیسبوک هەبووە

فۆتۆ: 
2019-05-04

11784 جار خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتێکی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە ناوچەی ٥١ی ئەمریکا، یەک ملیۆن بینەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تێپەڕاند.

ڕاپۆرتەکە زانیاری ورد سەبارەت ناوچەی سەربازی ٥١ی ئەمریکای خستووەتەڕوو کە لەو ناوچەیەدا چەندین تاقیکردنەوەی کەرەستەی سەربازی کراوە.

ئەم ڕاپۆرتە، سەربەست حسێن پێشکەشکار و هەواڵساز لە ژووری هەواڵی ئێن ئاڕتی ئامادەی کردووە.

ناوچەی ٥١ دەکەوێتە باکوری ویلایەتی نێڤەدا لە ئەمریکا، ڕووبەرەکەی ھێندەی چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەبێت سەرەڕای فراوانییەکە یبینین و نزیکبوونەوە لێی کارێکی ئەستەمە تەنانەت بچوکترین جوڵەش بە دووری چەندین کیلۆمەتر لە ناوچەکەوە کۆنترۆڵکراوە و ڕێگەنادرێت ھیچ کەسێک لێی نزیک بێتەوە، دەوترێت ئەو تەکنەلۆژیایانەی ناوچەکەی پێ دەپارێزرێت تا ٥٠ ساڵی دیکەش مرۆڤایەتیی پێیان ئاشنا نابێت، پێشتر ئەمریکا ھیچ زانیارییەکەی لەسەر ئەم ناوچەیە بڵاونەدەکردەوە تا لە ساڵی ٢٠١٣دا ( سی ئای ئەی) چەند زانیارییەکەی لەسەر ناوچەکە بڵاو کردەوە و ساڵی ٢٠١٥ ش باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند ئەو ناوچەیە زۆر نھێنییە و ناتوانم ھیچی لەسەر بڵێم.

بەپێی بەڵگەنامەکان دامەزراندن و بونیادنانی ناوچەی ٥١ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو.

گەیشتن بە ناوچەکە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و بە دووری دەیان کیلۆمەتریش لە نزیک سنوورەکانی ناوچەی ٥١  چەندین سیستمی چاودێریی و ئۆتۆمبێلی ھەواڵگریی دانراوە کە ڕێگریی لە ھەر کەس و تەنێک دەکەن بیەوێت خۆی لە سنورەکانی ٥١ نزیک بکاتەوە یان بە ھەڵە پێیدا تێپەڕێت

ئەوەی جێی سەرنجە ھیج بەربەست و جیاکەرەوەیەک دانەنراوە بۆ ڕێگریکردن لە چوونەوە ناوەوەی ناوچەکە، تەنھا چەند ھێمایاکی ئاگادار کردنەوە و چەند ستونێکی پرتەقاڵی نەبێت کە ئاماژەن بۆ ئەوەی لە جێی خۆت بوەستیت و چۆن ھاتویت ئاوا بگەڕێەرەوە ئەگەرنا ژیانت دەخەیتە مەترسییەوە.

ھەندێک لەو کارمەند و سەربازانەی لە ٥١ کاریان کردووە و ئێستا خانەنشینن دەڵێن ناوچەکە بەجۆرێک پارێزگاریی لێدەکرێت کە تەنانەت ئـێمەش جگە لەو بەشەی کارمان لێکردووە نەمان زانیوە لەوێ چی دەگوزەرێت.

ئەمە جگە لەوەی ھیچ مانگێکی دەستکریش ناتوانێت زانیاری لەسەر ناوچەکە کۆبکاتەوە لەبەر ئەوەی حکومەتی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسمانیشەوە چاودێریی ناوچەکە دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی تائێستا بەردەستن ئەو شاخ و شیو و دۆڵانەی دەکەونە ناو ٥١ەوە وەک کۆگا و تاقیگە و بنکەی سەربازیی بەکاردەھێنرێن و چەندین تاقیکردنەوەی سەربازیی مەترسیداری تێدا ئەنجام دەدرێت کە بە "پڕۆژە ڕەشەکان" ناسراون و جۆرەھا تەن و ئامێری نامۆ تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت کە زانستی ئاسایی تائێستا پێیان نەگەیشتووە

ھەروەھا دەوترێت لەو ناوچەیەدا تاقیکردنەوە لەو چەک و تەقەمەنییانە دەکرێت کە دروستکراوی ئەمریکا نین تاوەکو ئەمریکا وردەکارییەکانیان ئاشکرا بکات و دواتر دەژەبەرگرییەکانیان بەرھەمبھێنێت.

جگە لە چەکی ئاسایی، چەندین ڤایرۆس و چەکی بایەلۆژی لە ٥١ بەرھەمدەھێنرێن کە بە مەترسیدارترین چەکی کۆمەڵکوژ دادەنرێن و بەڕای شارەزایانی سەربازیش برێکی کەم لەو چەکە بایەلۆژیانەی لە ٥١ بەرھەمدەھێنرێن بەسە بۆ ئەوەی ھاوسەنگیی ژیان بە تەواوی لەسەر زەوی تێکبدات.

ھەرەوەھا دەوترێت ناوچەی ٥١ وەک بنکەیەک بەکاردەھێنرێت بۆ پەیوەندیکردن بە بوونەوەرە ئاسمانییەکان بەڵام ھەتا ئێستاش کەمترین زانیاری لەو بارەیەوە ھەیە، کە بەڕای ھەندێک لە شارەزایانی سەربازیی ٥١ زۆر سادەترە بەراورد بەو ناوچە سەربازییە نھێنیانەی کە تا ئێستا ھیچ کەس بە بوونیان نازانێت.