سەردێڕ:

وان.. تەرمی شەش کۆچبەر لەناو بەفردا دۆزرانەوە

فۆتۆ: 
2019-05-04

2227 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی تورکیا ڕایگەیاند، تەرمی شەش کۆچبەریان لە وان دۆزیوەتەوە کە گومان دەکرێت بەهۆی ساردیی ناوچەکەوە گیانیان لەدەستدابێت.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا دانیشتووانی ناوچەی گیلینلەر تەرمی کەسێکیان لەناو بەفردا دۆزیوەتەوە و ڕاستەوخۆ پۆلیسیان لێ ئاگادارکردووەتەوە، دواتر پۆلیس تەرمی پێنج کەسی دیکەشی لە ناوچەکانی نزیک رووباری یەمر لەناو بەفردا دۆزیوەتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، هەموو ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە بریتین لە کۆچبەران، کە بەهۆی بەفربارینی زۆر و ساردیی ناوچەکە لە نزیک سنوری تورکیا و ئێران گیانیان لەدەستداوە، تەرمەکانیش ئەو کاتەی بەفر تواوەتەوە دۆزراونەتەوە.

سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەش کە دۆزراونەتەوە تا ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ فه‌رمانده‌یی ئاسایشی كه‌ناراوه‌كانی تورکیا رایگه‌یاندووە، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە لە دەریای ئیجە نۆ کۆچبەر خنکان کە ژن و منداڵیان تیادایە و تا ئێستاش ناسنامەی کۆچبەرەکان دیارنییە.

تورکیا بە ڕێگای سەرەکیی کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا دادەنرێت، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١١ەوە، کە کێشەی ناوخۆی سوریا سەریهەڵدا، بەگوێرەی داتایەکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ٢٦٨ هەزار کۆچبەر دەستگیرکراون، کە ویستوویانە لە ڕێگای تورکیاوە بگەنە سنورەکانی ئەوروپا.

هـ.ع