سەردێڕ:

ئەمریکا: ١٠ملیۆن دۆلار دەداتە هەر کەسێک سەرچاوەی دارایی حزبوڵا ئاشکرا بکات

فۆتۆ: 
2019-05-04

3418 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد وەک پاداشت بدرێت بە هەر کەسێک، کە هاوکار بێت بۆ پەکخستنی توانا داراییەکانی حزبوڵای لوبنان.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئەمڕۆ شەممە (٤ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار دەدات بە هەر کەسێک لە بەرامبەر وەرگرتنی زانیاری ئەوتۆ کە ببێتە پەکخستنی جموجوڵە داراییەکانی حزبوڵای لوبنان.

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە "حزبوڵا ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، کە بارەگاکەی لە لوبنانە و چەک و کۆمەکی دارایی لە ئێرانەوە پێ دەگات و ڕاهێنیشیان هەر لە لایەن ئەوەوە پێدەکرێت".

ئەوەش دوای ئەوە دێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند پاداشت بەو کەسانە دەدرێت کە زانیاری بدەنە واشنتۆن کە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە حزبوڵاوە هەیە، بەو کەسانەشەوە کە کۆمەکی دارایی حزبەکە دەکەن، هەروەها ئەو کەس و لایەنانەی کە کۆمەکی دارایی پێشکەش بە حزبوڵا دەکەن، یاخود ئەو بانک و دامەزراوە ئابورییانەی کە مامەڵە داراییەکان بۆ حزبوڵا بەڕێوە دەبەن.

ع.م