سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار شاندێکی جولەکە سەردانی سعودیە دەکات

دیدارێکی پێشتری محەمەد عەبدولکەریم عیسا و شاندێکی جولەکە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-04

4889 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئیسرائیلدا، شاندێکی جولەکە سەردانی سعودیە دەکات، سەردانەکەش لەسەر داوای ڕێکخراوی پەیوەندیی جیهانی ئیسلامییە (رابطة العالم الإسلامي).

هەژماری "ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی دەدوێت" کە یەکێکە لە لاپەڕەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، محەمەد عەبدولکەریم عیسا ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی پەیوەندیی جیهانی ئیسلامی ئەو هەنگاوەی ڕاگەیاندووە و پێشتریش ئاشکرایکردبوو، سەردانەکە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت.

لە لایەکی ترەوە ماڵپەڕی (i 24 news)ی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی پەیوەندیی جیهانی ئیسلامی بەم نزیکانە سەردانی سەربازگەی "ئۆشفیتس"ی تایبەت بە کۆمەڵکوژی جولەکەکان دەکات لە پۆڵەندا.

ئەو کەسایەتییە ئایینییەی سعودیە دەربارەی تاوانەکە ڕایگەیاندووە "ناتوانرێت ئینکاری هۆلۆکۆست بکرێت و لە بایەخی کەمبکرێتەوە، دژی هەر بیروباوەڕ و بۆچۆنێکن کە ئەو تاوانە بە ڕاست نەزانێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی باسیان لە پەیوەندییە گەرمەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەند جارێک ئاماژەی بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی "کاریگەری" ناوچەکە کردووە، بێ ئەوەی ناوی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە ئاشکرا بکات.

ع.م