سەردێڕ:

تورکیا.. بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە ٩ كۆچبه‌ر خنکان

فۆتۆ: 
2019-05-04

2330 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە لە دەریای ئیجە نۆ کۆچبەر خنکان کە ژن و منداڵیان تیادایە و تا ئێستاش ناسنامەی کۆچبەرەکان دیارنییە.

فه‌رمانده‌یی ئاسایشی كه‌ناراوه‌كانی تورکیا رایگه‌یاندووە، دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێكیان له‌رۆژئاوای دوورگه‌ی چپڵاك لەپارێزگای باڵک ئەسیر پێگه‌یشتووه، ‌تیمێکی دەریایی و دوو هێلیكۆپته‌ریان ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كه‌ كردووە.

باسی لەوەشکردووە، له‌ئەنجامی گه‌ڕان و پشكنینه‌كاندا تیمه‌كانی ئاسایشی كه‌ناراوه‌كان، توانراوە پێنج كۆچبه‌ری نایاسایی رزگار بكرێت كه‌یه‌كێكیان ژن و یه‌كێكی دیكه‌شیان منداڵه‌، هەروەها ته‌رمی سێ ژن و پێنج منداڵیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئەوفەرماندەیەی ئاسایشی کەناراوەکان ئاماژەی بەوە داوە کە به‌رده‌وامن له‌هه‌وڵه‌كانیان بۆ ڕزگاركردنی ئه‌وانه‌ی بێسه‌روشوێنن كه ‌ئه‌گه‌ری هه‌یه‌چوار كه‌س بن، بێ ئەوەی ناو یان ناسنامەی هیچ کەسێکیان ئاشکرا بکات.

ساڵى ٢٠١٦ تورکیا و وڵاتانى یەکێتیی ئەوروپا ڕێککەوتنێکیان لەسەر پرسی کۆچبەران واژۆکرد. بەپێى ڕێککەوتنەکە، تورکیا دەبێت ڕێگرى بکات لە پەڕینەوەى کۆچبەران بۆ ئەوروپا، لە بەرانبەریشدا یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی دارایى و فریاگوزاریى پیشکەشى ئەو وڵاتە دەکات.