سەردێڕ:

ئەو وڵاتانە کامانەن کە زۆرترین ڕۆژنامەنوسیان زیندانیکردووە؟

فۆتۆ: 
2019-05-04

2372 جار خوێندراوەتەوە

زۆرجار ڕۆژنامەنووس لەپێناو گەیاندنی ڕاستییەکان بە کۆمەڵگاکانیان و بە جیهان، دەبنە سوتەمەنی ململانێی نێوان خاوەن بەرژەوەندییەکان، بەو پێیەی دید و بنەماکانی هەندێک لە ڕۆژنامەنووس یان ئەو میدیایەی کاری بۆ دەکات دژە باو دەبێت لەگەڵ کەسایەتییەک یا لایەنێکی دیاریکراودا، کە بۆ دواجار جەختکردنەوەی ڕۆژنامەنووسێک لەسەر خستەنەڕووی نهێنییەکان، باجەکەی لەدەستدانی ژیانی دەبێت.

ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ناسراو بە سى پى جەى، لە ساڵیادى ئازادیی ڕۆژنامەگەریى جیهانیدا ڕاپۆرتێکى لەبارەى ڕەوشى ئازادیی ڕۆژنامەنووسان لە جیهان بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، کە دەکاتە ٢٧ ساڵ، هەزار و ٣٤٠ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڕوماڵکردنی ڕووداوەکانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا کوژاون.

سەبارەت بە ساڵی ڕابردووش، ڕێکخراوی سی پەی جی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی ١١٠ ڕۆژنامەنووس لە ٣٦ دەوڵەتدا کوژراون.

هەر بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا بەهۆی بەجێگەیاندنی کاری ڕۆژانەیان زیندانیکراون، هاوکات ١٩ حاڵەتی دیکە هەبوون کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروستەوە زیندانیکراون.

تا ئێستاش ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسیان زیندانیکردووە بریتین لە وڵاتانی تورکیا، چین و میسر، کە نزیکەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی جیهان لەو سێ وڵاتەیە.

ڕێکخراوەکە ستایشى ڕۆژنامەنووسانى کردووە و ئاماژەى بەوەش کردووە، ڕۆژنامەنووسان سەرەڕاى ئەو مەترسییانەى بەهۆى کارەکانیانەوە ڕووبەڕووى دەبنەوە، بەڵام زۆر بە بوێرانە بەردەوامن لە گواستنەوەى هەواڵەکان.

سی پی جەی باسی لەوەش کرد، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆکیکار لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری داوای ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکان دەکەن و جەخت دەکاتەوە کاری ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە، هەروەها داوای دادپەروەری بۆ کەیسەکانی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

ڕێکخراوی داکۆکیکردن ڕۆژنامەنووسان بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە و ساڵی ١٩٨١ بە هەوڵی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی نێودەوڵەتیی دامەزرا، تا ڕووبەڕووی گێچەڵی حکومەتە دیکتاتۆر و تاکڕەوەکان ببنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەندێک ناوچە ژینگەیەکی مەترسیدارن بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، کە بەپێی ڕاپۆرتی (چاودێری مافەكانی مرۆڤ، پەیامنێرانی بێسنور و سی پی جەی)، عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ناوچەى پارێزراو نین بۆ کار ڕۆژنامەنووسى و زۆرجار لایەنی دەسەڵات لەمپەڕ لەبەردەم کارى ڕۆژنامەگەرى دادەنێت و چەندین جاریش ڕۆژنامەنووس دووچاری ئەشکەنجە و هەڕەشە و دەستگیرکردن بووەتەوە، ئەوە جگە لەوەی کە هەندێکیان بوونەتە شەهیدی قەڵەم، وەک سۆرانی مامە حەمە، عەبدولستار تاهیر شەریف، كاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن و ئەركان شەریف.

هـ،ڕ